کانونی دوھەم 23, 2023 06:58 Asia/Tehran
  • بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی مامۆستایانی ئایینی سوننەی کوردستانی ئێران

کۆنفرانسی گەورەی زانایان و مامۆستایانی ئایینی سوننەی پارێزگای کوردستانی ئێران بە تەوەری "سەروەریی ئیسلامی، پیاوانی ئایینی و چاوەڕوانییەکان" بەڕێوەچوو.

ژیانی شیعە و سوننە لە ئێران لە تەنیشتی یەکتردا بە مرۆڤایەتییەوە گرێی خواردووەوو یەکڕیزییەکی ھەتاھەتایی  لە نێوانیاندا هەیە. یەکڕیزییەک کە بە مانای بە شیعە بوونی سوننەو، یان بە سوونە بوونی شیعە نییە، بەڵکو یەکڕیزی واتە وەستانیان لە بەرامبەر دوژمنانی ئیسلام و برایەتی و یەکسانی لە کۆمەڵگەی ئیسلامیدا.

ماموستا «فایق ڕۆستەمی» ئیمام جومعەی شاری سنە، لە کۆنفرانسی گەورەی زانایان و مامۆستایانی ئایینیی سوننەی پارێزگای کوردستان ڕایگەیاند، دوژمنان چەندین ناوچەی کوردستانی ئێران و عێراقیان بە کیمیایی بۆردومان کردووە و لە یەک ڕۆژدا پێنج هەزار کەس لە خەڵکی ئەم ناوچانەیان بریندار کرد، کەچی هیچ دامەزراوەیەکی نێونەتەوەیی ئەو تاوانەی ئیدانە نەکرد.

مامۆستا ڕۆستەمی ڕاشیگەیاند کە ئەمڕۆ پرسی ئاسایش و قوربانیدانی هێزە ئەمنییەکانی ئێران پرسێکی گرنگە و شایەنی پێزانینە، ئاماژەی بەوەشکرد کە خەڵک خوازیاری ئاسایشی سەقامگیرە بۆ ئەوەی کۆمەڵگا بەرەو گەشەسەندن، برەوسەندنی بەرهەمهێنان، ئاوەدانی،  شەرەف و کەرامەت هەنگاو بنێت .

مامۆستا «مستەفا شیرزادی» ئیمام جومعەی مەریوان کە برا و کوڕەکەی لەلایەن دژە شۆڕشەکانەوە تیرۆرکراون، لەم کۆنفرانسەدا ڕایگەیاند کە هێڵی سووری مامۆستایانی ئایینیی سوننەی کوردستان حکومەتی ئیسلامییەو هەرگیز ڕێگەیان نەداوە سوکایەتی بە پیرۆزایەتییەکانی ئیسلام و شۆڕش بکەن و  سنگیان قەڵغانە بۆ بەرگریکردن لە شۆڕشی ئیسلامی.

مامۆستا «جەمال کەریمی» ئیمام جومعەی کاتیی شاری بانەش، لە کۆنفرانسی گەورەی زانایان و مامۆستایانی ئایینی سوننە لە پارێزگای کوردستانی ئێران ڕایگەیاند، "ئێمە لە ئێرانی ئیسلامیدا برا و یەکسانین، دوژمنان دەیانەوێت تاکتیکی دابەشبوون بەکاربهێنن بۆ دزەکردنە ناو ڕیزە یەکگرتووەکانمان و جیایی بخەنە نێوان شیعە و سوننەوە، بۆ ئەوەی ناتەبایی دروست بکەن، بەڵام ئەم گەلە وریایەو لە سای تەگبیری ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی قەت ڕێگە بە دووبەرەکی نانەوەی دوژمنان و دەست و پێوەندەکانی ئیستیکبار نادات.

لە کۆتایی کۆنفرانسی گەورەکەی زانایان و مامۆستایانی ئایینیی سوننە لە پارێزگای کوردستانی ئێران، ئامادەبووان بە دەرکردن و خوێندنەوەی بەیاننامەیەک کرداری ناشیرینی گۆڤاری «شارلی ئیبدۆیان» لەمەڕ سوکایەتیکردن بە ئیسلام و مەرجەعییەتی ئایینی ئیدانە کرد.

لەم بەیاننامەیەدا زانایان و مامۆستایانی ئایینیی سوننەی پارێزگای کوردستانی ئێران بە هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ئەو وڵاتانەی کە بۆ بچوکترین ڕووداو کە لە بەرژەوەندیی خۆیاندا نەبێت هاواری مافی مرۆڤ بەرز دەکەنەوە ،ڕایانگەیاند، ڕۆحی ئازادی وا دەخوازێت کە ڕووبەڕووی سووکایەتیکردن بە کەسایەتییە ئیسلامییەکان ببنەوە کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی موسڵمانی لە هەموو ناوچەکانی جیهان زیزو توڕە کردووەو بووەتەهۆی دروستبوونی دوژمنایەتی لە جیهاندا.

سەرپەیڤ