شوبات 01, 2023 15:08 Asia/Tehran
  • سێ شەممە ڕەشەکەی فەرەنسا، ھەڵسەنگاندنەکانی مەکرۆن چۆن بە ھەڵە دەرچوو؟

«ئیمانوئێل مەکرۆن» لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بووەتە دۆڕاوێکی تەواو لە وڵاتەکەیدا و لە سەرەتای ساڵدا ڕووبەڕووی کێشەیەکی گشت داگر بووەتەوە کە لە هەر ساتێکدا زیاتر بازنەی حکومەتە بێ دەستەڵاتەکەی تەنگتر دەکاتەوە.

کۆشکی ئێلیزە، هەرچەندە دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکە بە ئەرکی سەرەکیی خۆی لە بواری سیاسەتی دەرەوەیی دا دەزانێ، بەڵام ئەو تۆزە دەسەڵاتەی بەڕێوەبەرایەتیشی لە بواری ئابووریی فەرەنسادا لەدەست داوە! ئەوەی وا ڕۆژی سێشەممە ٥ی ژانویە لە فەرەنسادا ڕووی دا، لە ڕاستی دا دەربڕی خاڵی لاوازی شیکاری و بۆچوونی بەرپرسانی فەرەنسا لەبارەی پێشهاتەکانی ئێستای وڵاتەکەیانە. چونکو ماکرۆن و هاوڕێکانی وای بۆ دەچوون کە ئۆپۆزسیۆن دەسەڵاتی فراوانکردنی مانگرتنەکانی نییە، کەچی لێکدانەوەکانیان بە تەواوی بە ھەڵە دەرچوو!

ڕۆژی سێ شەممە دەیان هەزار خۆپیشاندەری نەیاری پرۆگرامی هەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینیی فەرەنسا خولی دووەمی ناڕەزایەتی و مانگرتنەکانیان دەستپێکرد. لە هەندێک شاردا دابەشکردنی کارەبا و بەشێک لە سیستەمی گواستنەوەی گشتی تێکدراو هەندێک لە قوتابخانەکانیش داخران.

جیا لەمەش، تەنیا یەک لەسەر سێی شەمەندەفەری خێرا و یەک لەسەر پێنجی کارەکانی شەمەندەفەری ناوخۆیی و نێوان شارەکان لە سەر چالاکییەکانیان بەردەوامن و نیوەی مامۆستایان و وانەبێژانی قوتابخانە بۆ دژایەتیکردنی یاسای خانەنشینی رەتیان کردووەتەوە بچنە قوتابخانەکان و چوونەتە ڕیزی ناڕەزایانەوە.

سەندیکاکانی کرێکاریش جگە لە مانگرتنی گشتی، خۆپیشاندانێکی بەرفراوانیان لە سەرانسەری وڵاتدا ڕێکخستووە و بەنیازن ناوەندە پیشەسازییە گرنگەکان کە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە ژیانی ئابووریی فەرەنسادا، لە ماوەی حەوتەکانی داهاتوودا پەک پێ بخەن.

لە ئێستادا مانگرتن و خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی وڵات بۆ دژایەتی کردنی چاکسازی لە یاسای خانەنشینیی حکومەتی ماکرۆن دایە.سەرۆکی فەرەنسا بەنیازە تەمەنی خانەنشینی لە ٦٢ ساڵەوە بۆ ٦٤ ساڵ بەرز کاتەوە. هەروەها بەپێی ئەم هەموارکردنە، تەمەنی شایستەیی دوادەخرێت بۆ وەرگرتنی مووچەی تەواوی خانەنشینی. لەم هاوکێشەیەدا،وادیارە گرنگترین گریمانەی ئابووری-ئاسایشیی مەکرۆن لە بارەی «خۆ سازدانی شارومەندان لەگەڵ چاکسازیی ئابووری» بە هەڵە دەرچووە ! شکستی ئابووریی مەکرۆن بە دڵنیاییەوە دەسەڵاتی ڕۆڵگێڕان و بڕیاردانی فەرەنسییەکان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەرتەسک دەکاتەوە و پاریسیش دەسەڵاتی دەربازبوونی لەم ڕاستییە نابێت.

سەرپەیڤ