شوبات 03, 2023 11:48 Asia/Tehran
  • ئامانجی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی عەرەبستان لە عێراق

«فەیسەل بن فەرحان» وەزیری دەرەوەی عەرەبستان ڕۆژی پێنج شەممە دووھەمی فڤریە سەردانی عێراقی کرد.

سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی عەرەبستان بۆ عێراق دەتوانرێت لە هەردوو ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی شی بکرێتەوە.

لە ئاستی ناوخۆییدا عێراق وعەرەبستان بە نیازی فراوان کردنی پەیوەندییە دوولایەنەکانیانن. عێراق کە کێشە ئابوورییەکان بەخاڵی لاوازی خۆی دەزانێت،خوازیاری سەرمایەنانەوەی عەرەبستان لەو وڵاتەدایە و عەرەبستانیش هەوڵ دەدات کاریگەرییەکانی لە ڕێگەی پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووری لەگەڵ عێراقدا پەرە پێ بدات. ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەکەی دوێنێی وەزیری دەرەوەی عەرەبستان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش جەختی لەسەر کرایەوە.

«محەمەد حەلبوسی»سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕۆژی پێنج شەممە دووھەمی فڤریە لەگەڵ «فەیسەل بن فەرحان» وەزیری دەرەوەی عەرەبستان کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەش دا باسی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ڕێگاکانی فراوانکردنی هاوکاری لە بوارەکانی ئابووری و وەبەرهێنان و هەماهەنگیی هاوبەش سەبارەت بە پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کرا.

«حەلبوسی» جەختی لە گرنگی چالاک کردنەوەی ئەنجومەنی هەماهەنگیی عێراق - عەرەبستان و لیژنە هاوبەشەکانی دیکەی هەردوو وڵات کردەوە و وتیشی: پەرلەمانی عێراق پشتگیری لە کارەکانی حکومەت دەکات بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکان و ئامادەی لابردنی بەربەستە یاساییەکانە بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکان.

وەزیری دەرەوەی عەرەبستانیش هەروەها رایگەیاند، سەرکردەکانی وڵاتەکەی پێشوازی دەکەن لە هێزمەندکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق لە هەموو بوارەکاندا، لەوانە لەبواری وەبەرهێنان لە ئاراستەی دابین کرانی ئابوورییەکی بەردەوام و پاوەجێ بۆ عێراق.

لە ئاستی ناوچەیی دا، عەرەبستان لە ماوەی ساڵانی ئەم دواییە جەخت لە سەر پەرە پێ دانی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ناوچەکەو کەم کرانەوەی ئاڵۆزییەکان لە سیاسەتی دەرەوەیی دەکاتەوە. ھەر لەم ئاراستەیەدا ناکۆکیی سێ و نیو ساڵەی لەگەڵ قەتەر لە ژانویەی ٢٠٢١ کۆتایی ھات و پەیوەندییەکانی دوو وڵات بووژایەوە. ھەروەھا ڕیاز لە دانوستانی ئاگربڕی یەمەنیش پێشوازیی کردو گەرچی ھێشتا ئەم دانوستانانە ھیچ ئەنجامێکیان لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام لە توندوتۆڵیی ھێرشەکانی عەرەبستان بۆ سەر یەمەن کەم بووەتەوە.

یەکێک لە گرنگترین ڕووداوەکانی سیاسەتی دەرەوەی عەرەبستان، گفتوگۆکردنە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بووژاندنەوەی پەیوەندییەکان. لە ساڵی ٢٠١٦ەوە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ریاز پچڕاوە. لە دوو ساڵی ڕابردوودا بە نێوەندگیریی عێراق، پێنج خولی دانوستان لە بەغدا بەڕێوەچووە و بەرپرسانی عەرەبستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران گەلێک جار بە تایبەت لە ماوەی مانگەکانی ئەم دواییەدا ئامادە بوونی خۆیانیان بۆ بەردەوام کردنی دانوستانەکان بەمەبەستی باشتر کردنی پەیوەندییەکانیان ڕاگەیاندووە.

لەوە ئەچێ یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی سەردانەکەی «فەیسەڵ بن فەرحان» بۆ بەغدا، باسی  بەردەوام کردنی گفتوگۆکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دا بێت. پێشتر وەزیری دەرەوەی عێراق «فۆئاد حسێن» باسی سەردانی وەزیری دەرەوەی عەرەبستان بۆ بەغدای بەمەبەستی دەست پێ کردنەوەی دانوستانەکانی تاران _ ڕیاز کرد بوو.

دیارە ئەمەش بۆ حکومەتی عێراق گەلێک گرنگە. لە لایەکەوە عێراق خوازیاری ڕۆڵگێڕانە لە پێشهاتەکانی ناوچەییەکاندا کە میوانداریکردنی گفتوگۆکانی ئێران - عەرەبستان یەکێکە لەو پرسە گرنگانەی کە دەتوانێت ئەم ئامانجەی بۆ مسۆگەر کات و لە لایەکی دیکەشەوە وەک وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بە باشی ئاگاداری ئەوەیە کە باش بوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ڕیاز نەک ھەر بۆ ئەم وڵاتانە بەڵکو بۆ وڵاتانی دیکەو بۆ ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیاش شوێنھاتی گرینگی لێ دەکەوێتەوەو لە قورسایی ئاڵۆزی و گرفت و تێکچڕژاوییەکانی ناوچەکە کەم دەکاتەوە.

سەرپەیڤ