شوبات 26, 2023 15:56 Asia/Tehran
  • کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی ئێران و عێراق و جەختکردنەوە لەسەر پتەوکردنی هاوکاریی بەرگریی نێوان هەردووک وڵات

ئەمیری سەرتیپ «محەممەد ڕەزا ئاشتیانی» وەزیری بەرگری و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ڕۆژی شەممە، لە دیدارێکدا لەگەڵ «ثابت محەممەد سەعید ڕەزا» وەزیری بەرگریی عێراق، جەختی لە بەهێزکردنی هاوکاریی بەرگریی دوو قۆڵی کردەوە. دوای ئەم دیدارەی تاران، وەزیری بەرگریی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هاوکاریی بەرگریی دوو وڵات هێندەی تر بەهێزتر دەبێت، چونکە ئاسایشی عێراق ئاسایشی ئێرانە.

Image Caption

ئەمیری سەرتیپ «ئاشتیانی» جەختی لە ئامادەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ گواستنەوەی ئەزمونەکانی خۆبژێوی لە پیشەسازیی بەرگری بۆ عێراق کردەوە و وتی: تێڕوانینی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە پرسەکانی عێراق لەسەر بنەمای پشتیوانی لە یەکگرتوویی و سەروەریی عێراق ، یارمەتیدانی چەسپاندنی سەقامگیری و ئاسایش و گەشەپێدان، پێشکەوتن و بنیاتنانەوەی ئەم وڵاتە ڕۆنراوە.

ئەمیر«ئاشتیانی» ئاماژەی بەوەشکرد، ئاوڕدانەوە لە پرسەکانی عێراق لایەنێکی ستراتیژیی هەیەو پاڵپشتیکردنی یەکڕیزی و یارمەتیدانی سەقامگیری و ئاسایش لە عێراق لە بەرنامەی کاردایە. وەزیری بەرگری و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانی ئێران هەروەها جەختی لە دروستکردنی کەشێکی ئەمنیی سەقامگیر کردەوە کە ببێتە هۆی گەشەسەندنی عێراق و وتیشی:لە دیدارەکەدا باس لە کێشەکانی دوو وڵات سەبارەت بە چالاکیی تیرۆریستان لە عێراقیش کرایەوە.

تاران چالاکییەکانی بەشێک لە گرووپە جوداخواز و تیرۆریستییەکانی باکووری عێراقی بە قبووڵ نەکراو زانی. ئەو گروپە کوردییە جوداخوازانەی ئێران کە چەندین بنکەی ئۆپەراسیۆن و مەشق و ڕاهێنانیان لە کوردستانی عێراق دا دروستکردووە ، هاوتەریب لەگەڵ ئامانجەکانی ئیستیکباری جیهانی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، نائەمنی لە خاڵە سنوورییەکان دروست دەکەن و هێرشی چەکداریی لە دژی پاسەوانانی سنووری ئێران ئەنجام دەدەن.

سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران تا ئێستا گەلێک جاربە مووشەک و خۆفڕ ھەڵیکوتاوەتە سەر بنکەی تاقمە جوداخوازەکان لە کوردستانی عئێراق و دەیەوێت حکوومەتی ناوەندی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی عێراق بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو گرووپانە بکەن و ئاسایش لە سنوورەکانی دوو وڵات بچەسپێنن. هەر لەم پێوەندییەدا لە دیداری وەزیرانی بەرگریی ئێران و عێراق جەخت لە سەر پێویستی هاوکاریی هاوبەش بۆ چەسپێندرانی ئاسایش لە سنوورەکان کرایەوە.

Image Caption

 

سەرەڕای هەندێک کێشەی وەک دەستێوەردانی ئاشکرا و شاراوەی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی، پرسەکانی پەیوەست بە ئاوە سنوورییەکان و پرسی ژینگەیی، پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق لە چوارچێوەی سیاسەتی دراوسێیەتی و ڕەچاوکردنی دابی دراوسێیەتی و دەسەڵات و سەروەری خەریکە بەرەو فراوانبوون دەچێت و هەردوو وڵات ئیرادەیەکی بەهێزیان لەم بوارەدا هەیە. لەم پەیوەندییەدا ئێران و عێراق پەیوەندییەکی نزیکی بەرگری و سەربازی وهاوکاری وهاوریکارییان پێکەوە هەبووەو بەتایبەتیش ڕۆڵی ئێران لە هاوکاریکردنی سوپای عێراق وهێزە جەماوەرییەکانی ئەم وڵاتە، ناسراو بە حەشدی شەعبی، لەڕووبەڕووبوونەوەو سەرکوتکردنی گروپی تیرۆریستی داعش زۆر ھەستیارو یەکلاکەرەوەیە.

وەزیری بەرگریی عێراق لەو بارەیەوە وتبووی: هێزە چەکدارەکانی عێراق و وڵات و گەلی عێراق هێشتا سەرقاڵی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و جموجۆڵی تەکفیرییەکانی داعشن و لەم ئاراستە یەش دا وڵاتی دۆست و دراوسێی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەخشینی خوێن و چەک و چۆڵی خۆی پشتیوانیی کردووین و ئێمە سوپاسگوزارین.

لە هەمان کاتدا بە لەبەرچاوگرتنی توانا بەرچاوەکانی پیشەسازیی بەرگری ئێران، بەغدا دەیەوێت هاوکاری بەرگری و سەربازیی نێوان هەردوو وڵات بەهێزتر و فراوانتر بکات. «ثابت محەممەد سەعید ڕەزا» وەزیری بەرگریی عێراق بە ئاماژەدان بە بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ بووژاندنەوەی هێزە چەکدارەکانی عێراق دوای شەڕێکی درێژخایەن لەگەڵ ڕەوتە تەکفیرییەکان، خوازیاری کەڵک وەرگرتن لە توانای کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هاوکاری تەکنیکی، تەکنەلۆژی و مەشق و ڕاهێنانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بوو.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئاراستەی سیاسەتی ڕەچاوکردنی دابی دروسێیەتی دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق بەشێوەیەکی هەمەلایەنە فراوانتر بکات و لەو پەیوەندییەشدا چەندین سەردانی بەرامبەر لە لایەن بەرپرسانی باڵای ھەردووک وڵاتەکەوە ئەنجامی گرتووەو ھاوکات پەیوەندیی بەرفراوانی ئابووری، بازرگانی و وزەی نێوان ئێران و عێراقیش لە ئارادایە. لە نێو وڵاتانی عەرەبی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا، عێراق زۆرترین پەیوەندیی کولتووری و مەزهەبی لەگەڵ ئێران هەیە، ھەبوونی درێژترین سنوور لە نێوان دراوسێکان، هاوبەشیی ڕەگەزی، مێژوویی، زمانەوانی، ئایینی و بوونی هەڕەشە و بەرژەوەندی هاوبەشی ئەمنی و ئابووری لەو خاڵە ھەرە گرنگانە لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق دێنە ئەژمار.

Image Caption

سەرپەیڤ