ئادار 12, 2023 19:07 Asia/Tehran
  • ڕەوشی نالەباری مافی ژنان لە ڕۆژاوا و بانگەشە بێ بنەماکانی کاربەدەستانی ڕۆژاوایی لەبارەی ئێران

چاوخشاندنێک بە سەر ڕەوشی ژنان لە وڵاتانی ڕۆژاوایی بانگەشەکاری بەرگری لە مافی ژنان پیشاندەری ئەوەیە کە ژنان و کچان لەم وڵاتانەدا لە ڕەوشێکی نالەباردا دەژین و بنپێکرانی مافە مرۆییەکانیان بە ئاشکرا ئەنجام دەبێ.  لەم وڵاتانەدا هەڵاواردنی دژ بە ژنان بە تایبەت لە بواری کارو پیشە و مافی کۆمەڵایەتییەوە تەواو ئاشکرایە و نایەکسانی زەق و بەرچاوی ژنان و پیاوان لە بواری مووچە و حەقەدەست و کارو پیشە  لە وڵاتانی وەک ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنستا، ئەڵمان و کەنەدا بەدی دەکرێ.

هەروەها ژنان سەرەکیترین قوربانیانی تووند و تیژیی جنسی و جەستەیی لە ڕۆژاوا دێنە ئەژمار و چاوخشاندنێک بە سەر ڕێژە و ئامارەکان لەم بواروەدا بە ئاشکرا ئەو ڕاستییە دەردەخات. لە راستیدا ژنان مرۆڤی پلە دووەم لە ڕۆژاوا دێنە ئەژمار کە ئاسایشی پێویستیان بۆ درێژەدان بە ژیان نییە و لە لایەن حکومەتە ڕۆژاواییەکانیشەوە داکۆکیی درووست و لێبڕاوانەیان لێ ناکرێ و تەواو بوونەتە ئامرازێک بۆ بەکارهێنران لە لایەن پیاوانەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە کاربەدەستانی ڕۆژاوایی لەوان ئەڵمان بۆ وێنە "ئانالنا بایەربووک" وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە لە کاتێکدا بۆ ژاراوی بوونی کچە قوتابییەکان لە ئێران بانگەشەی خەمخۆری و پاراستنی مافە بەراییەکان دەکەن کە ناوەندە بەرپرسەکان لە وڵاتی ئەڵمان ڕێژە و ئامارێکی تۆقێنەر سەبارەت بە ڕادەی تووند و تیژی دژ بە ژنان ڕادەگەیەنن. بە پێی ڕێژە و ئاماری بڵاوکراوە سێ ڕۆژ جارێک ئافرەتێک لە ئەڵمانیا دەبێتە قوربانیی تووند و تیژی لە ژیانی هاوبەشدا و لە هەر چوار ژن یەکێکیان بەلەونێک وەبەر تووند و تیژی کەوتووە. بە پێی ئامارێک کە ساڵی ٢٠٢٢ ڕاگەیەندرا ١١٣ ژن گیانیان لەم تووند و تیژییانە لە دەست داوە و بە شێوەی مامناوەندی لە هەر کاژێرێکدا ١٣ ژن لە لایەن هاوژینی ئێستا یان رابردوویان وەبەر تووند و تیژی دەکەون. هەروەها ئولاف شوڵتسی سەدری ئەعزەمی ئەڵمانیا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بە بۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن، تووند و تیژی دژ بە ژنانی لە ئەفغانستان و ئێران شەرمەزار کرد و وتی: لەم دوو وڵاتەدا ژنان بۆ گەییشتن بە مافەکانیان لێبڕاوانە خەبات دەکەن. شولتس سەرباری ئامارە تۆقێنەرەکانی سەبارەت بە تووند و تیژی دژ بە ژنان لە ئەڵمان بە بانگەشەی ئەوەی کە ڕەوشی ژنان لە ئەڵمان تەواو جیاوازە جەختی کرد کە ئێمە درێژە دەدەین بە ڕێگای یەکسانی.

ئەوە لە کاتێکدایە کە بە پێچەوانەی پڕوپاگەندەکانی میدیا ڕۆژاواییەکان و بانگەشەکانی کاربەدەستانی باڵای ڕۆژاوایی، چاوخشاندنێک بە سەر باروودۆخی ژنان لە ئێران، پێشکەوتنی بەربڵاو و بەرچاویان لە بواری کۆمەڵایەتی، کلتووری، سیاسی و ئابووریی دەردەخات. ژنان پاش سەرکەوتنی شۆرشی ئیسلامی دەورێکی بەرچاویان لە هەموو گۆڕەپانێکی سیاسی ، کۆمەڵایەتی، کلتووری، فێرکاری، وەرزشی، ئاسایش، تەندرووستی و دەرمان و تەنانەت لە بواری ڕاژەکاریی گشتیدا گێڕاوە. بە پێی توێژینەوەکانی ئەمدواییە لە ئێران، دەوری ژنان لە گۆڕەپانە جۆراوجۆرەکاندا لە چاو پێش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی گەشەیەکی بەربڵاوی بە خۆیەوە بینیوە. بۆ وێنە جگە لە بەشداریی بەربڵاوی ژنانی ئێران لە هەڵبژاردنە جۆراوجۆرەکانی ئێراندا، ئەوان بەشێکی بەرچاو لە کورسییەکانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی و ئەنجومەنی شار و گوندەکانیان بە دەست هێناوە. لە بواری بەڕێوەبەرایتیشدا ڕێژە و ئامارەکان زۆر راستییەک دەردەخەن. لەم ئاراستەیەدا تا کۆتایی مانگی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١، ٢٦%ی بەڕێوەبەران لە ئێران ژن بوون. لە بواری ئابووریشدا ڕادەی بەشداریی ئابووریی ژنانی ئێرانی تا ساڵی ١٤٠١ ، 14.10% و ڕادەی حەشیمەتی خاوەن کارو  پیشەی دەرچووی زانکۆ 44.3% بووە. لە گۆڕەپانی کار و پیشە تایبەتەکانیشدا ٧٢٠٠ ئەفسەری ژن لە فەرماندەرێتیی ئینتیزامیی کۆماری ئیسلامیی ئێران خزمەت دەکەن. هەروەها نزیکەی ١٥ هەزار ژنی فریاگوزاریش لە ڕێکخراوی مانگی سووری ئێران چالاکییەکی بەرچاویان هەیە. ١٦ ژنیش وەک ئاگرکوژێنەوە چالاکی دەکەن. ژنانی ئێرانی لە بواری فێرکاریی سەرەتایی و باڵایشدا دەورێکی بەرچاو دەگێڕن. رادەی خوێندەواریی ژنان پێش شۆڕشی ئیسلامی 35.3% بووە کە بە سەرنج دانی هەوڵی بەربڵاو تا ساڵی ١٤٠١ گەیشتۆتە ٩٥%. لە بواری خوێندنی باڵایشدا ژماری خوێندکارانی کچ و پاش شۆڕشی ئیسلامی گەشەیەکی بەرچاوی بە خۆوە بینیوە و ئێستاکە زیاتر لە ٦٠%ی خوێندکارانی ئێرانی پێک دێنن. لە گۆڕەپانی تەندرووستی و دەرمانیشدا ژنان پاش شۆڕشی ئیسلامی دەورێکی بەرچاویان گێڕاوە. تا ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی ٤٠%ی پزشکانی پسپۆڕ ژن بوون و  ٣٠%ی پزشکانی واوەپسپۆڕیش لە ئێراندا ژنان پێکیان هێناوە. 

لە گۆڕەپانی وەرزشیشدا دەوری ژنان پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی گەلێک بەربڵاوتر و بەرچاوتر بووە. ئەم ڕێژە و  ئامارانە هەموو سەلمێنەری ئەوەن کە تا چ رادەیەک لە گۆڕەپانی جۆراوجۆری سیاسی، کۆمەڵایەتی، زانستی، فێرکاری، تەندرووستی، وەرزش و گۆرەپانەکانی دیکەی ئێرانی ئیسلامیدا چالاکانە خەریکی خزمەت کردن بە وڵات و هاووڵاتیانی خۆیانن. ئەم مەسەلەیە هەروەها درۆ و دەلەسە بوونی بانگەشەکانی ڕۆژاوا لەباری زوڵم و زۆری دژ بە ژنان و دەورو پێگەی لاوازیان لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتی دەسەلمێنێ. 

سەرپەیڤ