نیسان 11, 2023 18:22 Asia/Tehran
  • چەکی ئەمریکی؛ هۆکاری سەرەکی زیادبوونی نەخۆشیی شێرپەنجەیە لە عێراق دا

ئەندامێکی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگیی شێعەکانی عێراق لایەنی ئەمریکی بە بەکارهێنانی ئەو کەرەستە سەربازییانە تۆمەتبار کرد کە بوونەتە هۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی شێرپەنجە لە عێراق.

بەگوێرەی ماڵپەڕی هەواڵدەریی ئەلمەعلومە ڕۆژی دووشەممە، «تورکی ئەلعوتبی» لە ئەندامانی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکانی عێراق ڕایگەیاند: هەموو ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان بەبێ هیچ گومانێک پشتڕاستی دەکەنەوە کە واشنتۆن لە نێوان ساڵانی ١٩٩١ ھەتا ٢٠٠٣دا سەدان تۆن یۆرانیۆمی کەم پیتێندراوی لە عێراق دا بەکارهێناوە و دوای ئەوەش بۆ بۆردومانی سەدان ئامانج کە زۆربەشیان مەدەنی بوون بەکار ھێنران و ئەمەش بووە هۆی پیسبوونی جیددیی ژینگەو زیادبوونی نەخۆشییە شێرپەنجەییەکان.

«تورکی ئەلعوتبی» وێڕای ئاماژە کردن بەوەی کە ئەو کارەساتەی کە بەهۆی داگیرکارییەکانی ئەمریکاوە بۆ سەر عێراق دروست بووە،زۆر گەورەیە و بۆ چەند دەیەیەک بەردەوام دەبێت، ئاماژەی بەوەشکرد کە، پێویستە حاڵەتی شێرپەنجە بەنێودەوڵەتی بکرێت بەمەبەستی قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەو بریندارانەی عێراق کە بەهۆی بەکارهێنانی یۆرانیۆمی کەم پیتێندراوەوی هێزەکانی ئەمریکا تووشی کێشە ھاتوون.

ماوەیەکی لەمەوپێش، «ئیگۆر کریلۆڤ» فەرماندەی یەکەی بەرگریی بایۆلۆجی و کیمیایی و تیشکی سوپای ڕووسیا، سەبارەت بە تاوانی ئەمریکی لە عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا ڕایگەیاند، واشنتۆن، لە کاتی داگیرکردنی عێراق لەئەمساڵەدا، بۆ هێرش کردنە سەر ھێندێک لە ئامانجەکان لە شارەکانی عێراق، لەوانەش ئەلعیمارە،بەغدا و بەسرە و کەربەلا و ئەلفەلوجە بە شێوەیەکی بەرفراوان یۆرانیۆمی کەم پیتێندراوی بەکارهێناوە.

با ئاماژە بەوەش بکرێت کە عێراق بەدەست زیادبوونی بێ وێنەی نەخۆشییە شێرپەنجەییەکانەوە ، بەتایبەتی لە پارێزگای بەسرە، بەهۆی چەکی ئەمریکییەوە،دەناڵێنێت.

سەرپەیڤ