May 05, 2023 20:11 Asia/Tehran
  • هۆشداری دانی ڕیابکۆڤ سەبارەت بە زیادبوونی ئەگەری پێکدادانی نێوان ڕووسیا و ئەمریکا

جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا هۆشداری داوە کە مۆسکۆ و واشێنگتۆن لە لێواری شەڕێکی چەکداریی ئاشکرادان.

 

Image Caption

«سێرگێئی ڕیابکۆڤ» وتی: ڕووسیا هەوڵدەدات ڕێگری لە سەرھەڵدانی شەڕی چەکداری لەگەڵ ئەمریکا بکات و لە ئێستادا ھەردوک وڵاتەکە لێواری ھەڵدێردان.

ئەم دیپلۆماتکارە پلە باڵایەی ڕووسیا جەختی لەوەش کردەوە کە بەرپرسانی ئەمریکا هەوڵ دەدەن گریمانەی "دەستوەرنەبوونی واشێنگتۆن" لە هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەم دواییە بۆ سەر کۆشکی کرێملین و هەوڵدان بۆ تیرۆری سەرۆک کۆماری ڕووسیا بڵاوبکەنەوە.

Image Caption

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆکایەتیی ڕووسیا، ئۆکرانیا بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی نارد بوو بۆ هێرشکردنە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی «ڤلادیمێر پوتین» سەرۆک کۆماری ڕووسیا لە کرێملین کە ئەمەش بەرەوڕووی کاردانەوەی خێرای ھێزەکانی ئاسایشتی کرێملین و بەرپەرچ دانەوەی ئەو ھێرشە بووەو پوتین ھیچ زیانێکی وێ نەکەوت.

لە هەمان کاتدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕۆژی پێنجشەممە داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە پلانی بەریتانیا بۆ دابینکردنی تەقەمەنیی ھەڵگری یۆرانیۆمی لاواز کراو بۆ ئۆکرانیا ئیدانە بکات.

Image Caption

«ماریا زاخارۆڤا» وتی: وا دیارە سکرتاریەتی نەتەوە یەکگرتووەکان هەمیشە ئامادەیە چاوی لە ئاستی هەر کارێکی ڕۆژئاواییەکان بۆ پشتیوانی لە حکومەتی کییەڤ بنوقێنێ، سەرباری ئەوەش کە ئەم تەقەمەنییانە دەتوانن لێکەوتەی جددیان ھەبێت لە ڕووی مەترسی تیشکەوە.

وەزیری بەرگریی بەریتانیا پێشتر ڕایگەیاندبوو، بەشێک لە تەقەمەنیی تانکەکانی «چەلەنجەری_٢» کە بڕیارە ڕەوانەی ئۆکرانیا بکرێت، ھەڵگری یۆرانیۆمی لاوازکراون.

بەپێی هەواڵێکی دیکە، نوێنەرانی ڕووسیا و ئۆکرانیا کە بەشدارییان لە کۆڕبەندی پەرلەمانیی هاریکاری ئابووریی دەریای ڕەش لە تورکیا کردبوو، پێکەوە ھەڵشاخان.

پێکەوە ھەڵشاخانی نێوان نوێنەرانی ڕووسیا و ئۆکرانیا کاتێک ڕووی دا کە «ئۆلیکساندەر ماریکۆڤسکی» نوێنەری ئۆکرانیا هەوڵی دا ئاڵای وڵاتەکەی لە پشت نوێنەرێکی ڕووسیا هەڵبکات.

Image Caption

پێشتر «دیمیتری مێدڤێدێڤ» جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا، ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپای وەک هاوبەشی ئۆکرانیا لە هێرشەکەی سەر کۆشکی کرێملین ناساندبوو و ڕایگەیاند، هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر کرێملین، ناکۆکی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا توندتر دەکات و ئەمەش ھەمان شتە کە واشێنگتۆن و زۆرێک لە گەمژەکان لە برۆکسل حەزی پێ دەکەن!

 

سەرپەیڤ