May 23, 2023 14:17 Asia/Tehran
  • پێکەوە ھەڵشاخان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق لەسەر کورسییەکانی پەرلەمان

لە کاتێکدا کە ململانێکانی دوێنێی پەرلەمانی کوردستانی عێراق بووەتە بابەتی زۆرێک لە میدیاکانی جیهان و هەریەک لە لایەنەکانی ململانێکە واتە پارتی و یەکێتی ھەوڵ دەدەن بە ھانا بردن بۆ ھەندێک دۆسیەی سیاسی خۆیان لە بەرپرسایەتیی ئەم شورەییە سیاسییە بدزنەوە، لایەنەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان پێکەوە ھەڵشاخانی ڕۆژی ڕابردووی پەرلەمان وەک شەڕی کورسییەکانی پەرلەمان لێک دەدەنەوە.

Image Caption

«بێستون فایق» ئەندامی پێشووی فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستانی عێراق، هۆکاری سەرەکی ململانێکانی دوێنێی پەرلەمانی کوردستانی عێراقی بۆ پێداگریی نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر پێویستی پاراستنی پشکی کورسییەکانی کەمینەکان گەڕاندەوەو وتی: پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەموو قۆناغێکی هەڵبژاردندا، کورسی کەمینەکانی بە قازانجی خۆی زەوت کردووە کە دیارە ئەمەش بووەتە ھۆی ناڕەزایەتیی یەکێتیی نیشتیمانی.

Image Caption

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە «هیمداد شاهین» وتەبێژی بزوتنەوەی نەوەی نوێش وێڕای ئاماژە کردن بەوەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی لە باتی بەرەڤانی کردن لە مافی خەڵک، لەسەر کورسیی کۆمسیۆن پێکەوە ھەڵشاخاون، وتیشی: ئەوە ٣٢ ساڵە حکومەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی ستەم لە خەڵک دەکەن و حزبایەتی لای ئەم دوو لایەنە تەنها بە واتای دەستەبەرکردنی بەرژەوەندیی حزبیی خۆیانە.

Image Caption

لەلایەکی دیکەوە، لەکاتێکدا «زانا مەلا خالید» سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکرات لە پەرلەمانی کوردستان بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە، بە زۆرینەی دەنگ و دەنگی 58 ئەندامی پەرلەمانی هەرێم، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کاراکراوە، فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی دەنگدانی بۆ کاراکردنی کۆمیسیۆنەکەی بە نایاسایی زانیوە.

Image Caption

«لوقمان وەردی» جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی، ڕایگەیاندووە: سەرۆکی پەرلەمان بە پشتبەستن بە بڕگەی ژمارە 3ی مادەی 18ی بڕیارنامەی ناوخۆ کۆبوونەوەکەی دواخستووە، لەم حاڵەتەدا نە جێگر و نە هیچ کەسێکی دیکە مافی ئەوەیان نییە دوای سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوە وەڕێ بخەن.

Image Caption

با ئەوەش بوترێت کە «هێیمن هەورامی» جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی عێراقیش وتویەتی: بەپێی ماددەی 19ی بڕیارنامەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، کاتێک سەرۆکی پەرلەمان ئامادە نەبێت، سەرجەم دەسەڵاتەکانی سەرۆکی پەرلەمان دەگوازرێتەوە بۆ جێگرەکەی. ھەڵبەت لە بەرامبەر ئەم بانگەشەیەی ئەم حزبە، «گۆلستان سەعید» سەرۆکی فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستانی عێراقیش نیگەرانیی خۆی لەو دۆخە دەربڕی و وتی: لە هەموو ڕێککەوتنە سیاسییەکانی نێوان فراکسیۆنە پەرلەمانییەکاندا، بەردەوام جەختمان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە کاراکردنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان کۆمەڵێک (پاکێج)ن. بەم پێیە وا ھەڵدەگرێ کە هەموو باڵ و ڕەوتەکان بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان و بیر لە چارەسەرێک بکەنەوە.

Image Caption

جێگای ئاماژەیە میدیاکانی وەک سکای نیوز، ئیندیپێندنت و ئاژانسی فرانس پرێس ڕووماڵی ململانێکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیان کردووەو ئەو پێکەوە ھەڵشاخانەیان بە نیشانەی پەرەسەندنی دووبارەی ناکۆکییەکانی نێوان ھەردووک لایەنی پارتی و یەکێتی زانیوە لە سەر پشکی دەستەڵات و سەرنەکەوتنیان لە پێکھێنانی سەقام و پاوەجێیی لە ھەرێمی کوردستانی عێراق دا.

Image Caption

سەرپەیڤ