چڕبوونەوەی ناکۆکیی نێوان لایەنە کوردستانییەکانی عێراق لەسەر ئەو چاکسازیانەی لە پرۆژە یاسای بودجەی عێراقدا کراوە
لەکاتێکدا کە ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە کوردستانییەکانی عێراق لەسەر ئەو چاکسازییانەی لە پرۆژە یاسای بودجەی عێراقدا کراون، توندتر بووەتەوە، ڕەفیق ئەلساڵحی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ناڕەزایی هەولێر بەرامبەر بەو چاکسازییانە بە ناڕەوا دەزانێت.
لە کاتێکدا کە فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک سەبارەت بەو گۆڕانکاریانەی لە پرۆژە یاسای بودجەی عێراقدا کراوە، ئەم کارەی بە پیلانگێڕی لە دژی هەرێمی کوردستان زانیوە، «نیازی هەورامی» ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی نیشتمانی و جێگری لێپرسراوی ڕێکخستنی یەکێتی نیشتمانی لە هەولێر، ئەم بۆچوونەی پارتیی ڕەتکردووەتەوەو وتوویەتی : پێمان وایە ئەوەی لە کۆمیسیۆنی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕووی داوە هاوتەریبە لەگەڵ بەرژەوەندیی کورد و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی عێراق.
وتیشی: جێگای سەرسوڕمانە کە کەسانێک هەن دژایەتی پەسەندکردن و جێبەجێکردنی ئەو گۆڕانکارییانە دەکەن، لەکاتێکدا بەشێک لە پڕۆژە پەسەندکراوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە 10%ی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا لێی بڕدراوە، بیاندرێتەوە.
لە بەیاننامەکەی پارتی دا ئاماژە بەوە کراوە کە، هەڵسوکەوتی یەکێتی نیشتمانی وەک تاکە لایەنی کوردستانی عێراق کە دەنگی بەو گۆڕانکاریانە داوە، ڕەوا نییە، چونکە ئەگەر ئەو یاسایەی وا کۆمیسیۆنی دارایی پەرلەمانی عێراق و یەکێتی نیشتمانی دەنگیان پێ داوە، جێبەجێ بکرێت، هیچکام لە سەرەتییەکانی پێشوو بە خەڵکی کوردستانی عێراق نادرێت و هەموو سەرەتییە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستانیش دەکەوێتە مەترسییەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە «سۆزان مەنسور» نوێنەری یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پاساوی پارتیی ڕەتکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە: دەنگمان داوە بەو هەموارانەی لەم پرۆژەیاسایەدا کراوە، چونکە ئەو هەموارکردنانە مافی خەڵک و مافی فەرمانبەران دەستەبەر دەکات، وەکو گەڕاندنەوەی 10%ی پاشەکەوتی زۆرەملێی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
ئەمەو لەلایەکی دیکەوە «جەمال کۆچەر» سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانی عێراق و ئەندامی کۆمسیۆنی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە: پەسەندکردنی هەموارکردنەوەی مادەکانی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق پێشێلکردنی ئەو ڕێککەوتنەیە کە لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراقدا کراوە، بۆی هەیە لە داهاتووش دا ڕێککەوتنی پەیوەست بە دۆسیەی نەوت و گاز و دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولاش پێشێل بکرێت.
ناکۆکیی بیروڕا سەبارەت بەم چاکسازییانە لە نێوان لایەنەکانی کوردستاندا لە کاتێکدا چڕتر بووەتەوە کە «ڕەفیق ساڵحی»، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ناڕەزایەتیی هەولێر بەرامبەر بەو گۆڕانکاریانەی کە لە مادەکانی ڕەشنووسی یاسای بودجەی گشتیی ئەمساڵدا کراوە بە ناڕەوا دەزانێ و ڕایگەیاندووە:گرنگترین شت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ناڕەزایە بەرامبەری لەو چاکسازیانەی کە کۆمیسیۆنی دارایی لە پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراقدا ئەنجامی داوە، شێوازو مافی ھەڵگرتنەوەی پارەیە لە پشکی بودجەی هەرێم لە کاتێکدا کە حکومەتی فیدراڵی عێراق تاکە دەسەڵاتی سەرەکییە بۆ دیاریکردنی بودجە بۆ هەموو پارێزگاکانی وڵات بە ھەرێمی کوردستانیشەوە. بەم پێیە حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی ناڕەزایی دەربڕینی نییە، چونکە ئەو حکومەتی ناوەندییە کە دارایی عێراق و بودجەی پارێزگاکان دیاری دەکات.