جەختکردنەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر لابردنی نەوت لە ئابووریی وڵات
محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: ئابووریی پشتبەستوو بە نەوت بووەتە هۆی لەدەستدانی دەرفەتی زۆر.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: ئابووریی پشتبەستوو بە نەوت و پشتگوێخستنی سەرچاوەی وزەی غاز لە ئابووریی عێراقدا بووەتە هۆی لەدەستدانی دەرفەتی زۆر لە بواری گەشەپێدان.
محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە مەراسیمێکدا کە بە بۆنەی 60 ساڵەی دامەزراندنی ئۆپێک لە بەغدا بەڕێوەچوو، وتی:ئەم ڕێکخراوە بووەتە یەکێک لە گرنگترین ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی ئەمڕۆ.
سەرۆک وەزیرانی عێراق وتیشی: ڕاستە جیهان بە بەراورد بەو ڕۆژەی ئۆپێک دامەزرا، گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، بەڵام پرەنسیپە جێگیرەکان گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە و نەوت هێشتا سەرچاوەی سەرەکیی وزەیە لە جیهانداو ئەم سەرچاوەیەش گرنگییەکی زۆری بۆ سیاسەت و ئابووری و گەشەپێدان و ژینگە هەیە. ئەمە جیا لەوەی کە ئەم ڕێکخراوەیە بۆ خەڵکی ئەو وڵاتانەی کە بەرهەمی دەهێنن و یان بەکاری دەهێنن گەلێک گرنگە.
سودانی وتیشی: ئەمڕۆ ئەندامانی ئۆپێک بە سەروەرییەکی تەواوەوە بەرنامەکانی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆیان بەڕێوەدەبەن و لەم ڕێگایەوە سیاسەتی نەوتیی خۆیان بەمەبەستی بەهێزکردنی بەرژەوەندی و وەبەرهێنانیان دادەڕێژن کە ئەمەش بووەتە ھۆی گەشەو بەرز بوونەوەو با ئەمەشمان لە بەر چاو بێت کە ئەرکی ڕێکخراوەکە تەنیا بە ھەناردە بەرتەسک نابێتەوە بەڵکو ڕەوتی ڕێک و پێک کردنی بازاڕ و کۆنترۆڵی سنوورمەندی نرخیش دەگرێتەوە، بە جۆرێک کە دەبێ نرخێکی دادپەروەرانە بۆ بەرھەم ھێن و بەکارھێنیش ڕەچاو بکرێت، چونکو نەبوونی پاوەجێیی لە سیستێمی سەبەتەی نەوتدا کاریگەری تێکدەرانەی دەبێت و وادەکات کە هەردووک لایان زیانیان پێ بگات.
سودانی وتیشی: هاتنی غازی سروشتی و غازی پێتەکی (APG) بۆ نێو بازاڕی وەبەرهێنانی تایبەتی وزە، بەرپرسیارێتی نوێی بۆ وڵاتانی ئەندامی ئۆپێک زیاد کردووە، هەروەها غاز سەرچاوەیەکی گرنگە کە لە زۆرێک لە پیشەسازییەکان بەکاردەهێنرێت، بۆیە ڕێکخستنی ئەم شتانە بووەتەھۆی چەند هێندە بوونی بەرپرسیارێتیەکان، بۆیە وڵاتانی ئەندامی ئۆپێک دەبێ ڕووبەڕووی گرفتەکانی بەردەمیان ببنەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق وتیشی:حکومەتی ئێستامان،ھەر لە کاتی پێکهاتن و پەسەندکرانی لە پەرلەمان دا، گرنگیی بە پرسی وزە داوە بە هەموو وردەکارییەکانیەوەو بابەتە پەیوەندیدارەکان بە نەوت و غازی سروشتی و غازی پێتەکی (APG) ی لە پلەی یەکەمدا داناوە.
بۆ هەموو لایەک ڕوونە کە عێراق ساڵانێکی زۆرە ، وەک سەرچاوەی سەرەکیی ئابوریی خۆی پشت بە نەوت دەبەستێت، ئینجا گازی سروشتی و گازی پێتەکیش لەم بوارەدا لەمێژە پشتگوێ خراوە و ئەمەش وایکردووە کە دەرفەتی زۆر لە بواری گەشەپێدان لەدەست بدەین، ئەمە بێجگە لەوەی کە ئەم ئابوورییە یەک ڕەهەندییە کاریگەریی لەسەر ژینگەش داناوە.