ته‌مووز 21, 2023 17:26 Asia/Tehran
  • پێویستیی پێکھاتنی بەرەیەکی یەکگرتوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەنگاوەکانی شەڕاشۆیانەی ڕۆژاوا

نوێژخوێنانی سەرانسەری ئێرانی ئیسلامی ئەمڕۆ هەینی دوابەدوای ڕێپێوانی ئیدانە کردنی سووکایەتی کران بە قورئانی پیرۆز لە وڵاتی سویید، بە دەرکردنی بەیاننامەیەک جەختیان کرد لەسەر پێویستیی پێکھاتنی بەرەیەکی یەکگرتوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی کردەوە و جوڵەی شەڕاشۆیانەی ڕۆژاواییەکان.

نوێژخوێنانی سەرانسەری ئێرانی ئیسلامی ئەمڕۆ هەینی بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ڕایانگەیاند؛ جیهانی ئیسلام دەبێ ئەوە بزانێ کە یەکدەنگی و یەکگرتوویی گەلانی موسڵمان و لێک نزیک بوونەوەی ژمارێک وڵاتی ئیسلامی و ئاوڕنەدانەوەکانی ئەمدواییەیان لە ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی، مۆتەکەیەکی تۆقێنەری بۆ ئەمریکا و زایۆنییەکان و هاوڕێکانیان لەوان حکومەتی سویید دروست کردووە.

ئەم بڕیارنامەیە هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە؛ خاڵی سەرەکی بۆ ڕزگاریی ئیسلام و بەرەنگاربوونەوەی زاڵمان و زوڵم و زۆریان دژ بە وڵاتانی ئیسلامی ، هەر ئەم یەکێتی و یەکدەنگییە و پێکھێنانی بەرەیەکی یەکگرتووە بۆ بەرپەرچ دانەوەی کردەوە و ئاکاری قێزەون و شەڕاشۆیانەیان.

نوێژخوێنانی سەرانسەری ئێرانی ئیسلامی لەو بڕیارنامەیەدا راشکاوانە ڕایانگەیاند؛ لەسەر هەموو موسڵمانانی جیهان فەرزە ، هەرکەس سووکایەتی بە پێگەی بەزری قورئانی پیرۆز دەکات، بە پێی یاسا و ڕێساکانی سزادان لە ئیسلام هەڵس و کەوتی لەگەڵدا بکرێ.

نوێژخوێنانی سەرانسەری ئێران ئەمڕۆ هەینی داوایان لە مامۆستایانی ئایینی و هەموو زانایانی جیهانی ئیسلام کرد شکۆ و مەزنایەتیی جیهانی ئیسلام بە کاربەدەستانی حکومەتی سویید بسەلمێنن و بە هاندانی حکومەتە ئیسلامییەکان بۆ کاردانەوە پیشان دان بەرامبەر بەم حکومەتە دارەدەستە لە کۆڕ و کۆمەڵگە جیهانییەکان وبایکۆت کردنی شت و مەکی سوییدی، هێز و توانای پەیڕەوانی قورئانی پیرۆز بخەنە بەرچاوی هەموو جیهانەوە.

لە درێژەی بڕیارنامەکەدا هاتووە؛ سووکایەتی بە کەلامی خوای موتەعال و بیر و بڕوای موسڵمانانی جیهان، زیان  و خوسرانی تاهەتایی و هەڵخڕانی ئاگری تووڕەیی موسڵمانان و ڕووخانی شکۆ و دەسەڵاتی سووکێتیکەران نەبێ، دەسکەوتی دیکەی نابێ و بێ گومان ئەم کەسانە لە داهاتوویەکی نزیکدا وەڵامی گورچکبڕی موسڵمانان بە چاوی خۆیان دەبینن.

هەر لەم بوارەدا وەزیری دەرەوەی ئێران لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان وێڕای ئیدانە کردنی سوکایەتی کران بە پێگەی بەرزی قورئانی پیرۆز لە سویید، داوای لێ کرد کە تەگبیری پێویست بۆ پێشگری بە دووپات بوونەوە و سەرهەڵدانی دواهاتی پڕمەترسیی پەرەسەندن و بەردەوام کرانی ئەم دیاردە قێزەون و دنەدەرانەیە بەکار بھێنێ.

جێگای ئاماژەیە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممەش باڵوێزی سویید لە تاران لە کاردانەوە بە سوکایەتی کرانی سەرلەنوێ بە قورئانی پیرۆز لەم وڵاتەدا، بانگ کرایە وەزارەتی دەرەوەی ئێران و ناڕەزایەتیی توندی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی پێ ڕاگەیەندرا. 

 

سەرپەیڤ