کانونی دوھەم 04, 2024 07:40 Asia/Tehran

رژیمی زایۆنیسی لە کردەیەکی تاوانکارانەدا، ساڵح عاروری و حەوت کەسی دیکە لە خەباتکارانی حەماسی لە بەیرووت تیرۆر کرد.

ئەو تاوانە لە چەند ڕەهەندەوە شرۆڤە دەکرێ.

یەکەم؛ تیرۆری ساڵح ئەلعاروری، جێگری سەرۆکی مەکتەب سیاسیی حەماس بەرلەهەر شتێک، دانپێدانانی زایۆنییەکان بوو بە شکست هێنانیان لە گەیشتن بە ئامانجە سەربازییەکانی شەڕی غەززە. ئەو رژیمە، لە شەڕی غەززەدا دوو ئامانجی سەرەکیی سەربازی پیوشوێن دەگرت کە بریتی بوو لە؛ ئازادکرانی گیراوانی زایۆنی و لەبەین برانی حەماس، هیچکام لەو دوو ئامانجە مسۆگەر نەبوو وکابینەی نەتانیاهو لەناوخۆی سەرزەوینە داگیرکراوەکان، کەوتەژێر گوشار، بۆیە نەتانیاهو پێویستیی بوو بە دەسکەوتێک لەو شەڕە.

دووهەم ڕەهەند ئەوەیە کە ، تیرۆری ساڵح عاروری لەخاکی لوبناندا ئەنجامی گرتووەو سەلمێنەری پێشێلکرانی سەروەریی ئەو وڵاتەیە. لەلایەکی دیکەشەوە، ئەو تاوانکارییە پاش وشدارییدانی سەیید حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان ئەنجامی گرت لەبارەی ئەوەی کە تیرۆری هەر کەسایەتییەک لە لوبنان، جیا لە شووناس و ناسنامەکەی، بەرەوڕووی وەڵامی لێبراوانە دەبێتەوە.

ئەو تاوانکارییە بەمانای ئەوەیە کە رژیمی زایۆنی هەوڵیەتی بەرەی شەڕ لەگەڵ غەززەی پەرەپێداوەو وێڕای ناچارکردنی تاقمە خۆڕاگرەکان بەتایبەت حیزبوڵڵای لوبنان بۆ هاتنەنێو گۆڕەپانی شەڕ بەشێوەیەکی بەرفراوانتر، هاوپەیمانە رۆژاواییەکانیشی بەتایبەت ئەمریکاش لەو شەڕەدا تێوەگلێنێ. بۆیە، نەجیب میقاتی سەرۆک وەزیرانی لوبنان، پەلاماری رژیمی زایۆنی شەرمەزار کردو پێی داگرت: ئەو تەقینەوە، تاوانێکی ئیسرائیلییە کە بێگومان، بەئامانجی تێوەگلاندنی لوبنان لە قۆناخێکی تازەی شەڕ وپێکدادان، پاش دەسدرێژکارییە بەردەوامەکان بۆسەر باشوری لوبنان، ئەنجامی گرتووە.

سێیەم ڕەهەندیش بریتییە لەوەی؛ کردەی تاوانکارانەی رژیمی زایۆنیستی کاریش دەکاتەسەر گۆڕەپانی غەززە. لە چەند حەفتەی ڕابردوودا هەوڵ و کۆششەکان بۆ جێگیرکرانی ئاگربەسی تازە پەرەی سەندبوو، بەڵام ئیستا بەهۆی تاوانی زایۆنییەکان لە تیرۆری ساڵح عاروری، دانوستانەکان بۆ ئاگربەس راگیراوە. حەماس، لایەنە ناوبژیوانەکانی لە ڕەوتی هەڵپەساردنی هەرچەشنە دانوستانێک لەبارەی ئاگربەس، ئاگادار کردۆتەوە. میسریش ناوبژیوانیی خۆی لە شەڕی غەززەی هەڵپەسارد.

چوارەم ڕەهەندیش بریتییە لە؛ تیرۆری ساڵح عاروری و بەرلەوەش تیرۆری سەیید رەزی مووسەوی لە سوریا، دەریخست کە رژیمی زایۆنیستی شارەزایەتی هەیە لە هەوڵە ترۆریستییەکان و جارێکی دیکە سەلمێندرا کە رژیمی زایۆنی نموونەی ئاشکرای ترۆریزمی دەوڵەتییە.

وە بەڵام پێنجەم ڕەهەند؛ تیرۆری ساڵح عاروری بەڵگەیەکی دیکەیە لە شکستهێنانی سیستەمی جیهانی لە بەرەنگاربوونەوەی ترۆریزم چونکە هیچ هەنگاوێکی هەڵنەگرت بەرامبەر بەو تاوانکارییەی رژیمی زایۆنی .

سەرپەیڤ