چوونەسەری سەرلەنوێی ڕێژەی هەڵاوسان لە تورکیا
رەوتی دابەزینی بەهای دراڤی نیشتمانیی(لیر) و چوونەسەری بێ وێنەی ڕێژەی هەڵاوسان لە تورکیا هەروا بەردەوامەو بووەتە هۆی توندتربوونی ناڕەزایەتییەکان لەناوخۆی ئەو وڵاتە.
شەڕی ئوکراین و ڕووسیا، گرتنەبەری سیاسەتگەلی نەشیاوی ئابوری لەناوخۆ، رەوانەکرانی هێزی سەربازی بۆ سوریاو عێراق، تەنیا هۆکارگەلێکن کە بوارەکانی قەیرانی ئابوریی تورکیایان تاوپێداوە. بەپێی ڕاپۆری بانکی ناوەندیی تورکیا، ڕێژەی هەڵاوسان لە تورکیا لە٦٤.٩ لەسەتا لە مانگی ژانڤییە بۆ٦٧.١ لەسەتا لە مانگی فێڤرییەی ئەمساڵی زایینی، زیادی کردووە. میدیاکانی سەربە دەوڵەتی تورکیا، دابەزینی بەردەوامی بەهای یەکەی دراڤی نیشتمانیی تورکیا(لیر) یان بە هۆکاری چوونەسەری ڕێژەی هەڵاوسان راگەیاندووە. پاش گۆڕانکاریی بەرفراوان لەباری بەڕێوەبەرایەتی ئابوریی تورکیا لەچەند مانگی ڕابردوودا، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا سەرەنجام رەزامەندیی دەربڕی لەگەڵ زیادکرانی ڕێژەی سودو قازانج لەناوخۆی تورکیاداو بەم چەشنە، بانکی ناوەندیی تورکیا ڕێژەی سودی لە٨.٥(هەشت ونیو) لەسەتا بۆ٤٥لەسەت زیاد کرد.
دەوڵەتی ئانکارا لەساڵی ڕابردووی زایینی، لەبەر چونەسەری ڕێژەی هەڵاوسان و کێشەو گرفتی چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگای توکیا، ناچاربوو چەندجار زیادکردنی مووچەی فەرمانبەران و کرێکاران بخاتەنێو بەرنامەی کاریەوە، بەڵام دوای ڕاگەیێندرانی فەرمیی زیادکرانی مووچەکان، گۆڕانکارییە ئابوریەکانی تورکیا بەجۆرێک چووەتەپێش کە زیادکرانی مەعاشی فەرمانبەران و کرێکاران، نەبووەتەهۆی باشتربوونی باری گوزەران و ژیانی ئەو حەشیمەتەی تورکیا.
بە لەبەرچاوگرتنی ڕاستییەکانی هەنوکە لە درێژەی قەیرانی ئابوریی تورکیا، پێش بینی دەکرێ کێشە ئابوریەکانی ئەو وڵاتە نەک هەر چارەسەر نەابێ، بەڵکوو هەتا کۆتایی خولی سەرۆک کۆماریی ئەو وڵاتە درێژەی بێ. بەتایبەت کە دەوڵەتی رەجەب تەییب ئەردۆغان تائێستا نەیتوانیوە ڕێکارێکی کاریگەر لەوبارەوە بخاتەڕوو. لەهەمبەر ئەو کێشە چارەسەرنەکراوانە، دەوڵەتی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان بەردەوام هەوڵ دەدا هەتا بەلاوازکردنی هەرچی زیاتری نەیاران، هێزمەندیی سیاسی خۆی بپارێزێ. ئەوە لەکاتێکدایە کە ئەو ڕێکارە کاتییەو ناتوانێ بۆ داهاتووی تورکیا، کاریگەر بێ.