برینەکانی هەڵەبجە بیانوویەک بۆ لەنێوبردنی چەکی کیمیایی لە جیهان دا
ڕێکخراوی نێونەتەوەیی قەدەغەی چەکی کیمیایی، هاوکات لەگەڵ ڕیزگرتن لە قوربانی و کەسوکاری گیانبەختکردوانی کارەساتی بۆردومانە کیمیایەکەی شاری هەڵەبجە، پێداگریشی کرد لەسەر پێویستی لەنێوبردنی هەرچەشنە چەکێکی شیمیایی لە جیهان دا.
ڕێکخراوی نێونەتەوەیی قەدەغەی چەکی کیمیایی، ئەمڕۆ بەدەرکردنی ڕاگەیاندراوێک کارەساتە دڵتەزێنەکەی بۆردومانی شاری هەڵەبجە لە ساڵی هەزارو نۆسەدو هەشتاو هەشتی بە تراژیدیایەکی بەتەواوی پێناسە کردو وێڕای ئاماژە بە قوربانی بوونی بەهەزاران کوردی ئەو شارەو هێشتنەوەی برینێک بۆ کەسوکارەکانیان پێداگریشی کردوە کە ئەو کارەساتە تاڵە دەتوانێ بیانوویەکی بەبەڵگە بێ بۆ خەبات بەدژی بەرهەمهێنان و تەشەنەدان و بەکارهێنانی ئەو جۆرە چەکانە لە جیهان دا.
هەرچەندە ڕێکخراوی نێونەتەوەیی قەدەغەی چەکی کیمیایی ئاماژەی کردۆتە هەنگاوگەلێک بەئاراستەی خەبات بەدژی ئەو چەکە لە جیهان دا، بەڵام هاوکات وەبیریشی هێناوەتەوە هێشتاش لە هێندێک شوێنی دنیا هەروا لەو چەکانە کەڵک وەردەگیردرێ و هەربۆیە ئامادەیە بۆ لەنێوبردنی بەتەواوی ئەو جۆرە چەکانە.
شانزدەی مانگی مارسی هەموو ساڵێک بیرەوەری دڵتەزێنی گیان لەدەستدانی پێنج هەزار هاووڵاتی کوردی شاری هەڵەبجەیە بەهۆی بۆردومانکردنی ئەو شارە لەلایەن ڕژیمی بەعسی سەدامەوە، کە هێشتاش هەر زۆر لە کەس و کاری ئەو شەهیدانە، لەئاکامی لێکەوتەکانی ئەو مادە ژەهراویەوە، گیانی خۆیان لەدەست دەدەن.