ئانڕوا: ژیان لە غەززە گونجاو نییە
ئانڕوا ڕێکخراوی فریاگوزار لە غەززە زەنگی مەترسی لەبارەی باروودۆخی نالەباری کەرتی غەززەی زرینگاندەوە، لەبەر تەگەرەنانەوەکانی ڕژێمی زایۆنی لە سەر ڕێگای گەیشتنی یارمەتییە مرۆڤدۆستانەکان بە ئەم ناوچەیە.
ئانڕۆ ڕایگەیاند ئەوەی ئێستا غەززە پێویستی پێیەتی، یارمەتی زۆر و بێ تەگەرە و بێ بڕانەوەیە بۆ وەستاندنی برسێتی. سەرۆکی کاروباری مرۆڤدۆستانەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئاماژەی بە ڕادەی زۆر کەمی ئەو یارمەتییانە دا کە ڕژێمی زایۆنی ڕێگای داوە بێنە ناو غەززەوە و وتی: بەبێ یارمەتییەکان چواردە هەزار کۆرپەی ساوا لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا گیانیان لە غەززە لە دەست دەدەن. تام فلیچەر وتیشی: لۆرییەکانی هەڵگری یارمەتییەکان کە خۆراکیان پێیە بە خۆراکی منداڵیشەوە، ئێستا لە غەززەدان، بەڵام نەگەیشتوونەتە دەستی خەڵکی مەدەنی، لەبەر ئەوەی کە ڕێک لەوبەری سنوورن. ئانڕوا جەختی کرد: بەدخۆراکی لە غەززە تەواو پەرەی سەندووە. ژیان لە غەززە هەر نەماوە. ئیسراییل پێش بە چالاکی پزیشکەکان دەگرێت و ڕێگا نادات بە هاوردنە ناوەوەی دەرمان و یارمەتییەکان.ناوەندی ڕاگەیاندنی حکوومەتی غەززیەش ڕایگەیاندووە کە بارودۆخی کەرتی غەززە بە لەونێکە بۆ ئەوەی دەرباز بین لە قەیرانی مرۆیی، پێویستمان بە گەیشتنی ڕۆژانە ٥٠٠ لۆری هەڵگری یارمەتی مرۆڤدۆستانە هەیە. وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین لە کەرتی غەززە باسی وەبەر پەلامارکەوتنی دەزگا و موەلیدەکانی کارەبای نەخۆشخانەکانی غەززەی کرد و وتی: "ئەم کردەوەی زایۆنییەکان دەبێتە هۆی ڕاگیردرانی تۆکمەو تەواوی چالاکیی نەخۆشخانەکان." ئەم وەزارەتخانەیە هەروەها باسی داخرانی هەموو نەخۆشخانەکانی باکووری غەززەی کردووە.