ڤەنزوێلا قەبووڵی ناکا هیچ دەسوەردانێکی دەرەکی بکرێ لە کاروباری ئەو وڵاتەدا
"دێلسی رۆدریگرز" سەرۆک کۆماری کاتیی ڤەنزوێلا لەکاردانەوە بە ئیدیعای ترەمپ لەبارەی ئیدارەی کاروباری ئەو وڵاتەوە وتی: "هیچ کەسایەتییەکی بیانی بۆی نییە بەسەر ڤەنزوێلادا حکومەت بکا".
"دێلسی رۆدریگرز"ی سەرۆک کۆماری کاتیی ڤەنزوێلا جارێکی دیکە هەوڵی ئەمریکا بۆ ڕفاندنی "نیکۆلاس مادۆرۆ"ی سەرۆک کۆماری ڤەنزوێلای شەرمەزار کردو وتی: بۆ ڕێزنان لەو کەسانەی گیانیان بەخت کرد لەئاکامی پەلاماری سەربازیی جەنایەتکارانەی حکومەتی ئەمریکادا، بەفەرمیی حەوت رۆژ وەک ڕۆژانی ماتەمینی گشتی ڕادەگەیێنین. سەرۆک کۆماری کاتیی ڤەنزوێلا، وتیشی: هیچ کەسایەتییەکی دەرەکی بۆی نییە ئیدارەی کاروباری ئەو وڵاتە بگرێتەدەست و حکومەت بکا. ئەو لێدوانانە دوای ئەوە دێ کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا وتبووی ؛ ئیدارەی حکومەتی ڤەنزوێلا دەگرێتەئەستۆ. ئەو لێدوانانەی کە لەلایەن ژمارێکی زۆر لە وڵاتانی جیهان بەرەوڕووی کاردانەوە بوو و ئەو کردەی ئەمریکایان بە نموونەی ئاشکرای دەسدرێژیی بۆسەر خاکی وڵاتێکی دیکە ناوبرد. ئەوە لەکاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ ئیدیعای کردووە کە بەرپرسانی حکومەتی ڤەنزوێلا لەنێوان سی بۆ پەنجا ملوێن بەرمیل نەوت ڕادەستی واشنگتۆن دەکەن. ناوبراو وتوویەتی: ئەو بڕە نەوتەی لە ڤەنزوێلا وەریدەگرین بەنرخی بازاڕ دەفرۆشرێ و من وەک سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەسەر چۆنیەتی کۆنترۆڵ و بەڕێوەبەرایەتییەکەیدا چاودێریی دەکەم. شیاوی ئاماژەیە، کردەی ئەمریکا لە هێرشکردنەسەر ڤەنزوێلاو ڕفاندنی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتەو گوێزرانەوەی بۆ نیۆیۆرک، کاردانەوەی بەرچاوی لەئاستی جیهاندا بەدواوە بوو.