کانونی دوھەم 28, 2026 08:11 Asia/Tehran

دوابەدوای ناڕەزایەتی دەربڕین لە مینیاپۆلیس و کوژرانی ئەلێکس پرێتی، پەرستارێکی تەمەن ٣٧ ساڵان، خەڵکی شیکاگۆیش دەستیان دایە خۆپیشاندان دژی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ و وەزارەتی کۆچبەری.

خەڵکی شیکاگۆ لە خۆپیشاندانەکەیاندا خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی هەڵمەتەکانی ئیدارەی کۆچ و گومرگی ئەمریکا بوون .  شارەکانی مینیاپۆلیس، نیویۆرک، سانفرانسیسکۆ، بۆستن و ڕۆد ئایلەندیش بوونە گۆڕەپانی خۆپیشاندانی بەرفراوان لە دژی سیاسەتەکانی کۆچبەری ئیدارەی ترەمپ. شەوی ڕابردوویش، خۆپیشاندان لە مینیاپۆلیس بە دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەکانی ئەمریکا کێشرا بە توندوتیژی. خۆپیشاندەران لە مینیاپۆلیس دروشمیان لە دژی پۆلیسی کۆچبەری دەوتەوە. 

کاربەدەستانی خۆجێی لە ئەیالەتی مینێسوتایش ڕەخنەیان لە سیاسەتە  سەختگرانەکانی کۆچ و کۆچبەری حکومەتی فیدراڵی گرتووە و دەڵێن ئەم سیاسەتە بووەتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان و ڕووداوی کوشندەی لێدەکەوێتەوە. ئەوان هەروەها گێڕانەوەی بەرپرسانی فیدراڵییان ڕەتکردەوە کە تەقەکردنەکانیان بە بەرگریکردن لە خۆیان وەسف دەکەن، و بە بەڵگەهێهنانەوە لەو ڤیدیۆیانەی کە لەلایەن شایەتحاڵەکانەوە تۆمارکراون، دەڵێن کە ئەم وێنە و گرتە ڤیدیۆییانە بە ڕوونی گێڕانەوەی نادروستی حکومەت دەردەخەن.

هەروەها راپۆرتگەلێکیش بڵاو کراونەتەوە کە لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و گرژییەکان لە ئەیالەتی مینێسوتا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، هێزەکانی وەزارەتی کۆچبەری شارەکە بەجێدەهێڵن. بەڵام ترەمپ کاتێکی بۆ کشانەوەی ئەم هێزانە دانەناوە.

سەرپەیڤ