شوبات 11, 2018 13:30 Asia/Tehran
  • پەلاماری فڕۆکە جەنگییەکانی دەسدرێژکاری سەعوودی بۆ سەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی یەمەن

فڕۆکە جەنگییەکانی دەسدرێژکاری سەعوودی ڕۆژی شەممە ١٢ جار ناوچە جۆربەجۆرەکانی پاڕێزگاکانی "جەوف"، "حەدیدە" و سەعدە"یان لە یەمەندا بۆردومان کرد.

بە پێی راپۆرتی هەواڵدەریی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ فڕۆکە جەنگییەکانی دەسدرێژکاری سەعوودی پێنج جار ناوچەی "المهاشمه" لە پارێزگای جەوف و شەش جار شاری "الظاهر" لە پارێزگای سەرسنووریی سەعدەیان بۆردومان کرد.

فڕۆکە جەنگییەکانی عەرەبستان هەروەها جارێکیش فڕۆکەخانەی حەدیدەیان لە قەراخ ئاوەکانی ڕۆژاوای یەمەن بۆردومان کرد.

لە لایەکی دیکەوە هێزەکانی سوپا و لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن لە چەن ئۆپەراسیۆنی تایبەت بنکە و مەتەرێزەکانی بەکرێگیراوانی بیانیان دایە بەر پەلامار.

بە وتەی ژمارێک ژێدەر لە یەمەن؛ سەربازێکی سەعوودی لە لایەن یەکێک لە نیشانەپێکەکانی لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن لە ناوچەی "الخوبه" لە دەڤەری جیزان وەبەر پەلامار کەوت.

یەکەی مووشەکی و لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن ڕۆژی شەممە سیستەمی مووشەکی "پاتریۆت پەک ٣" Patriot PAC-3 ی ڕژێمی سەعوودی لە باشووری ڕۆژاوای یەمەن تیا برد.

عەرەبستانی سەعوودی ساڵی ٢٠١٥، گڕیبەستێکی بە بایەخی یەک ملیار و ٧٥٠ ملوێن دۆلاری لەگەڵ ئەمریکا مۆر کردووە بۆ کڕینی سیستەمی پاتریۆت و ومووشەکەکانی پەک - ٣" .