May 04, 2018 12:17 Asia/Tehran
  • لێبووردنی نێودەوڵەتی: ئیسراییل دەبێ بایکۆتی چەک بکرێ

ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی شەوی هەینی لە کاردانەوە بە شەهید و بریندار بوونی هەزاران فەلەستینی لە ڕێپێوانی مافی گەڕانەوە لە کەرتی غەززە، داوای لە وڵاتانی جیهان کرد بایکۆتی هەمەلایەنە سەبارەت بە فرۆشتنی چەک و کەرەستەی سەربازیی داسەپێنن بە سەر ڕژێمی زایۆنیدا.

«ماجده الینا مغربی» جێگری بەڕێوەبەری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و باکووری ئەفریقای ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتیی لە بەیاننامەیەکدا ڕاشکاوانە رایگەیاند لە ماوەی چەن هەفتەی ڕابردوودا جیهان پەلامارە تۆقێنەرەکانی نیشانەپێکان و هێزە سەربازییەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر ڕێپێوانی ئاشتیانەی فەلەستینییەکان بەخۆوە بینیوە.

ڕێپێوانی ئاشتیانەی "مافی گەڕانەوە" لە ٣٠ی مارسی ڕابردووەوە بە بۆنەی ڕۆژی "زەوین" لە کەرتی غەزە دەست پێ بووە و ئێستایش هەر درێژەی هەیە.

لە ٣٠ی مارس تا ٤ی مەی، ٥٠ فەلەستینی لەو ڕێپێوانانەدا بە زەبری گولەی سەربازانی ئیسراییل شەهید بوونە و زیاتر لە ٧٠٠٠ کەسیش بریندار بوونە.

زۆرێک لە وڵاتان لەوان کۆماری ئیسلامیی ئیران و هەروەها ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان تا ئێستا جەنایەتەکانی زایۆنییەکانیان ئیدانە کردووە.

ڕێپێوانی فەلەستینییەکان لە ساڵڕۆژی زەوین وەبیرهێنەری بڕیاری ڕژێمی زایۆنی لەمەڕ دەسگرتن بە سەر زەوی و زاری فەلەستینییەکانە لە ٣٠ی مارسی ١٩٧٦ کە هەموو ساڵێک بەڕێوە دەچێ.

ڕژێمی ئیسراییل بە داگیر کردنی زەوی و زاری فەلەستینییەکان و ڕۆنانی شارۆچکەی زایۆنی نشین لەو ناوچانەدا هەوڵ دەدات داڕشتی جوگرافیایی و حەشیمەتی (دیموگرافی) ناوچە فەلەستینییەکان بگۆڕێ و سیمایەکی زایۆنی ببەخشێ بەو ناوچانە بۆ ئەوەی بە تەواوەتی دەست بگرێ بە سەر هەموو خاکی فەلەستیندا.

سەرپەیڤ