حوزه‌یران 15, 2018 10:06 Asia/Tehran
  • حوسی: شەڕی سەرەکی یەمەن لەگەڵ ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنییە

"عەبدولمەلیک بەدرەدین حوسی" بەڕێوەبەری گشتیی بزووتنەوەی ئەنساروڵلای یەمەن وتی کە شەڕی سەرەکیی یەمەن دژ بە ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنییە و ئەوانی دیکە لە دەسدرێژی کردنە سەر یەمەن تەنیا دارەدەستی ئەو دوو ڕژێمەن.

بە پێی ڕاپۆرتی سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینیی ئیرنا؛ بە گێڕانەوە لە کەناڵی هەواڵی ئەلمەسیرە؛ "عەبدولمەلیک بەدرەدین حوسی" بە ئاماژە بەوەی کە ئەمریکاییەکان لە پشتی دەسدرێژییەکانی سەعوودییەکان و بەکرێگیراوانیان لە شەڕی دژ بە یەمەندان، وتیشی: زاڵ بوون بە سەر قەراخ ئاوەکانی ڕۆژاوای یەمەن، ئامانجی ستراتژیکی ڕژێمی زایۆنی لە ناوچەکەدایە.

ئەلحوسی بەرەنگاربوونەوەی دەسدرێژکارانی بە ئەرکی نیشتمانیی خەڵکی یەمەن زانی و جەختی کرد: بە یارمەتیی خوداوی گەورە و ویست و ورەی بەرزی گەل، قەراخ ئاوەکانی ڕۆژاوای یەمەن دەبێتە زەلکاوێکی گەورە بۆ خنکاندنی دەسدرێژکاران.

هەروەها "محەممەد عەلی حوسی" سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای یەمەنیش ئەمریکا و بەریتانیای بە بەرپرسی دەسپێبوونی هەرچەشنە شەڕ و پێکدادان لە حۆدەیدە (ڕۆژاوای یەمەن) زانی.

ژێدەرێکی ئاگادار لە وەزارەتی بەرەڤانیی یەمەن شەوی پێنجشەممە رایگەیاند: پەلامارە بەربڵاوەکانی هێزەکانی هاوپەیمانیی دەسدرێژکاری سەعوودی _ ئەمریکایی بۆ کۆنترۆڵ کردنی بەشێک لە قەراخ ئاوەکانی ڕۆژاوای یەمەن، بەرەوڕووی شکستی پەیتا پەیتا بۆتەوە.

"زەیفوڵلا سامی" ئەندامی نووسینگەی سیاسیی بزووتنەوەی ئەنساروڵلای یەمەنیش بە ڕەت کردنەوەی هەرچەشنە پێشرەویی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانیی دەسدرێژکاری سەعوودی لە بەرەی حودەیدە جەختی کرد: خافڵگیریی سەربازی دژ بەم هاوپەیمانییە بەڕێوەیە.

هێزە سەربازییەکانی ڕژێمی سەعوودی و ئیماراتی لە یەک مانگ لەمەوبەرەوە ئۆپەراسیۆنێکیان بە مەبەستی دەس گرتن بە سەر بەندەری حەیدە، سەرەکیترین ڕێگای ناردنی یارمەتیی مرۆڤدۆستانە بۆ یەمەن، دەست پێ کردووە.

شەڕنانەوەکانی عەرەبستان و هاوپەیمانەکانی لە یەمەن تا ئێستا بۆتە هۆی کوژرانی پتر لە ١٤ هەزار کەس، بریندار بوونی دەیان هەزار کەس و ئاوارە بوونی بە ملوێنان یەمەنی دیکە  و هەروەها تیاچوونی زۆربەی ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە.

دەسدرێژیی سەربازیی عەرەبستان هەروەها وڵاتی هەژار و دەسکورتی یەمەنی بەرەوڕووی کەمبوونی نالەباری خۆراک و دەرمان کردۆتەوە و بۆتە هۆی پەرە سەندنی زۆر نەخۆشی و پەتایەکی نالەبار لەم وڵاتەدا.

سەرپەیڤ