تشرینی یه‌که‌م 07, 2021 10:18 Asia/Tehran
  • ئەمیر عەبدوڵڵاھییان لە بەیرووت: ئێران قەت لە یارمەتی دانی لوبنان خەمساردی نانوێنێ

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەیانیی ئەمڕۆ پێنج شەممە بە دەم گەییشتنی بە بەیرووتی پێتەختی لوبنان، وێڕای پیرۆز بایی کردنی پێکھاتنی دەوڵەتی تازە لەم وڵاتە، وتی: تاران ئەگەر بێتو داوای لێ بکرێت، قەت لە یارمەتی دانی لوبنان خەمساردی نانوێنێ.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فارس، «حسەین ئەمیرعەبدوڵڵاھییان» وێڕای پێداگرتن لە سەر بە ردەوامیی داکۆکیی ئێران لە لوبنان وتیشی: تاران بە تەواوی دڵنیایە کە لوبنان دەتوانێ تەواوی ئەو سەخڵەتییانەی کە ڕووبەڕووی بووەتەوە، تێپەڕێنێ، ھەرچۆن جەماوەری دۆست و برای لوبنان ھەتا ئێستاش تەواوی قۆناغە دژوارەکانیان وەپشت سەر ناوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران بڕیارە لە بەیرووت دا لەگەڵ «میشێل عەون» سەرۆک کۆماری لوبنان، «نەبیەبڕی» سەرۆکی پەرلەمان، «نەجیب میقاتی» سەرۆک وەزیران و «عەبدوڵڵا بو حەبیب» وەزیری دەرەوەی لوبنان دیدارو وتووێژ بکات.

«ئەمیر عەبدووڵڵاھییان» ھەروەھا لە بنکەی باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەیرووت چاوی بە نوێنەرانی لایەنە فەلەستینییەکانیش دەکەوێت.

ھاوکات لەگەڵ گەییشتنی وەزیری دەرەوەی ئێران بە بەیرووت ، لوبنانیەکان بە بڵاو کردنەوەی بەربڵاوی ھەشتاکی بەخێر ھاتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ستایشی داکۆکییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لوبنانیان کرد.

وەزیری دەرەوەی ئێران شەوی چوارشەممە لە سەر پێنج شەممە مۆسکۆی پێتەختی ڕووسیای بەرەو بەیرووتی لوبنان بەجێ ھێڵا.

سەرپەیڤ