ڕەخنەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە خەمساردیی کۆمەڵگای جیھانی لە ھەمبەر گۆڕانکارییەکانی ئەفغانستان
وەزیری دەرەوەی ئێران لە خەمساردیی کۆمەڵگای جیھانی لە ھەمبەر گۆڕانکارییەکانی ئەفغانستان ڕەخنەی گرت.
وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای نیوەڕۆی ڕۆژی پێنج شەممەو وەک دووھەمین وێستگەی گەشتە ناوچەییەکەی دوای سووریا گەییشتە لوبنان.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی ھەینیی ھەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران (ئیسنا)، «حسەین ئەمیر عەبدوڵڵاھییان» وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران لە دیداری لەگەڵ «عەبدوڵڵا بوجیب» وەزیری دەرەوەی لوبنان گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە لەوانە یەمەنی بە ئاڵۆز وەسف کردو وێڕای ئاماژە کردن بە پەرەسەندنی کۆچبەری لە ئەفغانستانەوە بەرەو کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بارەی خەمساردیی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لەم پەیوەندیەدا ناڕەزامەندیی دەربڕی.
«ئەمیر عەبدوڵڵاھییان» وێڕای پێداگرتن لە سەر نەیارەتیی ڕااشکاوانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ شەڕ وەکو ڕێگاچارەی ناکۆکییەکان، وتیشی: ئێمە لەو باوەڕەداین کە دەبێ ڕێگاچارەی سیاسی چڕگەی ھەموو ھەوڵدانێک بێت لە ئاراستەی نەھێشتنی ناکۆکی و ئاڵۆزییەکان.
وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران ھەروەھا وێڕای پێداگرتن لە سەر بەردەوامیی داکۆکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەوڵەت و نەتەوەی لوبنان، وتی: ھیوادارین پەرە پێ دانی ھاوکارییە ئابوورییەکان و ئاڵووێری بازرگانی لەگەڵ لوبنان بۆ دەرباز بوون لەم دۆخە ئاڵۆزەی ئێستای یارمەتیی ئەم وڵاتە بدات.
«عەبدوڵڵا بوجیب» وەزیری دەرەوەی لوبنانیش لەم دیدارەدا وێڕای ئاماژە کردن بە گرینگایەتیی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات و گەشبینی دەربڕین لە بەئاکام گەییشتنی دانوستانەکانی ڤییەنا ھیواداریی دەربڕی کە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لوبنان زیاتر لە جاران پەرە بستێنێ.
«بوحیب» لە خەمساردیی وڵاتانی عەرەبی لە بارەی ئەوەی وا لە فەلەستین دا تێ دەپەڕێ ڕەخنەی گرت و ئەو وڵاتانەی بە ڕانەپەڕاندنی ئەو بەڵێنانەی کە بە فەلەستینییەکانیان داوە، تۆمەتبار کرد.