کانونی یه‌که‌م 20, 2022 22:50 Asia/Tehran
  • وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ پاشای ئۆردۆن کۆبووەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەراوێزی لوتکەی بەغداد-٢ لەگەڵ پاشای ئۆردۆن کۆبووەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئیرنا، «حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان» وەزیری دەرەوەی ئێران کە بەمەبەستی بەشداریکردن لە لوتکەی بەغدا-٢ سەفەری ئۆردۆی کردبوو، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ «شا عەبدوڵڵا»ی پاشای ئۆردۆن کۆبووەوە و بابەتگەلێکی جێی بایەخی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێ کرد.

وەزیری دەرەوەی ئێران وێڕای بەرز نرخاندنی بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی کۆبوونەوەی "بەغدا-٢" لەلایەن ئۆردۆنەوە، جەختی لە پێویستی پەرەپێدانی هاوکارییەکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکە بۆ پتەوکردنی ئاشتی و سەقامگیری و ئاسایش و زیادکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان کردەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها بوارەکانی هاوکاریی هاوبەشی سیاسی و ئابووریی شرۆڤه کرد و ئامادەیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ فراوانکردنی پەیوەندییه سیاسییەکان و پەرەپێدانی پەیوەندییه ئابووری و بازرگانییەکانی له گەڵ ئۆردۆن دا ڕاگەیاند.

ھەرلە دیدارەکەدا وەزیری دەرەوەی ئێران پەیامی نووسراوی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامیی پێشکەش بە پاشای ئۆردۆن کردو پاشای ئۆردۆنیش سوپاسی ئایەتوڵڵا ڕەیسی کرد بۆ پەیامە دڵسۆزانەکەی.

«حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» وەزیری دەرەوەی ئێران بە مەبەستی بەشداریکردن لە لوتکەی بەغدا-٢ سەفەری بۆ عەممانی پایتەختی ئۆردۆن کردووە.

وەزیری دەرەوەی ئێران لە وتارەکەیدا لە خولی دووەمی کۆنفرانسی بەغدا، میوانداریی حکومەت و نەتەوەی ئۆردۆنی بەرز نرخاند و وتی: ئەم کۆنفرانسە بە بەشداریی وڵاتانی ناوچەکە بەڕێوە دەچێت بۆ نیشاندانی پشتیوانی لە عێراق و جەختکردنەوە لەسەر هەوڵەکانی ئەو وڵاتە بۆ هاوکاریی نێوان ئەو وڵاتەو وڵاتانی ناوچەکە”.

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕاشیگەیاند: وتووێژ لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لە پێناو چەسپاندنی سەقامگیری و ئاشتی بژاردە نییە بەڵکو پێویستییە.

سەرپەیڤ