شوبات 12, 2023 18:32 Asia/Tehran
  • لە کوێت ٦٧ ملیۆن دۆلار بارەبوو بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکانی تورکیا و سووریا کۆ کراوەتەوە

لەو کەمپینانەی هاوکاری کە لەکوێت بەمەبەستی کۆکردنەوەی هاوکاری و بارەبوو بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکان لە تورکیا و سووریا چالاکییان دەست پێ کردووە، ھەتا ئێستا زیاتر لە ٢٠ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دیناری کوێتی کۆکراوەتەوە کە دەکاتە نزیکەی ٦٧ ملیۆن دۆلار.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ژێدەرەکانی ناوچەکە، دوای ئەو بوومەلەرزە بەهێزانەی قەزاکانی «پازارجیک» و «ئالبیستان»ی سەربە پارێزگای «قەهرەمانمەڕەش» یان هەژاند و ١٠ پارێزگای دیکەی گرتەوە، وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیی کوێت، لەژێر ناوی «کوێت لەگەڵتاندایە»' دەستی بە هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری و بارەبوو کرد.

لەو هەڵمەتەدا کە کاتژمێر ١٢:٠٠ لە تەلەڤیزیۆنی فەرمیی کوێت دەستی پێ کرد و ١٢ کاتژمێر بەردەوام بوو، زیاتر لە ١٢٩ هەزار کەس و دامەزراوە هاوکارییان گەیاندە کەمپینەکە و هاوکارییەکانیش ٦٧ ملیۆن دۆلاری تێپەڕاند.

وەزیری دەرەوەی کوێت، «شێخ سالم عەبدوڵڵا ئەلجابر ئەلسەباح» لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەڤیزیۆنی وڵاتەکەی ئاماژەی بەوە کرد کە لە چوارچێوەی ئەو کەمپینەی بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە دەستیان پێ کردووە، دەست بڵاویی گەلی کوێت دەرکەوت و سوپاسی بەشداربووانی کەمپینەکەی کرد.

«شێخ سالم عەبدوڵڵا ئەلجابر ئەلسەباح» باسی لەوەش کرد کە هەر بەدەم  ڕوودانی کارەساتەکەوە وەک حکومەت و گەل پشتیوانییان پێشکەش بە زیانلێکەوتووان کردووە.

سەرپەیڤ