شوبات 13, 2023 10:14 Asia/Tehran
  • ڕاگەیاندنی هاوپشتیی ئۆردۆن لەگەڵ سوریا

وەزیری دەرەوەی ئۆردۆن لە وتووێژ لەگەڵ هاوتا سورییەکەیدا جەختی لە هاوپشتی و پاڵپشتیی ئەو وڵاتە بۆ سووریا کردەوە بە مەبەستی ڕووبەڕوو بوونەوەی لێکەوتەکانی بوومەلەرزەکە.

بەگوێرەی کەناڵی ئەلئەخبارییەی سوریا، «ئەیمەن ئەلسەفدی» ڕۆژی یەکشەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ «فەیسەڵ میقداد» جەختی لە پشتیوانیی ئۆردۆن بۆ سوریا لە ھەمبەر ئەم کارەساتەو بەردەوامیی هەماهەنگی لەمەڕ ناردنی هاوکاریی مرۆڤی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە کردەوە.

وەزیری دەرەوەی سوریاش بە هەمان شێوە  سوپاسی حکومەت و گەلی ئۆردۆنی کرد کە لەم کارەساتەدا لە تەنیشت سوریاوە وەستاون و هیواشی دەربڕی بۆ بەردەوامیی هاوکاری لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئۆردۆن بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات.

لەلایەکی دیکەوە «فەیسەڵ میقداد» وەزیری دەرەوەی سوریا لەگەڵ «کێلی تالماس کلیمێنتس» جێگری کۆمیساریای باڵای دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوەو باسیان لە هاوکاریی هەنووکەیی نێوان کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەسەڵاتە جیاجیاکانی سوریا کرد بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دەرئەنجامەکانی بوومەلەرزەکەی ئەم دواییە.

میقداد هەروەها ئاماژەی بە کاریگەریی نەرێنیی ھەنگاوی سەرەڕۆیانەو تاکلایەنەی ڕۆژئاوا کرد، کە پێشی بە ناردرانی کەل وپەل و پێداویستیی فریاگوزاری بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی سوریا گرتووە.

سەرپەیڤ