بارەبووی ٧٠ ملیۆن دۆلاریی قەتەر بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزە لە تورکیا و سوریا
https://kurdish.sahartv.ir/news/ڕۆژهەڵاتی_ناڤین-i415252-بارەبووی_٧٠_ملیۆن_دۆلاریی_قەتەر_بۆ_لێقەوماوانی_بوومەلەرزە_لە_تورکیا_و_سوریا
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر باسی بارەبوویەکی ٧٠ ملیۆن دۆلاریی دەوحە بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سوریای کردووە.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
شوبات 17, 2023 10:40 Asia/Tehran
  • بارەبووی ٧٠ ملیۆن دۆلاریی قەتەر بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزە لە تورکیا و سوریا

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر باسی بارەبوویەکی ٧٠ ملیۆن دۆلاریی دەوحە بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سوریای کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی هەینیی ئاژانسی هەواڵدەریی ئەنادۆڵۆ ، «ماجید ئەلئەنساری» وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاندووە، بڕی ئەو یارمەتییە مرۆڤییانەی قەتەر پێشکەشی قوربانیانی بوومەلەرزە لە تورکیا و باکوری سوریای دەکات، نزیکەی ٧٠ ملیۆن دۆلارە کە یارمەتیی خۆراک و پزیشکی و هاوکارییەکانی دیکەش دەگرێتەوە.

وتیشی: دەوحە لە هەمان کاتدا پێداویستییە مەیدانییەکان پێ و شوێن دەگرێ بۆ بەشداریکردن لە هەوڵی فریاگوزاری و یارمەتی دان و  کەمکردنەوەی ئازار و مەینەتیی لێقەوماوانی ئەم بوومەلەرزەیە.

ئەم بەرپرسە قەتەرییە جەختی لەوەش کردووەتەوە کە: ٣٠ گەشتی ئاسمانیش ھەتا ئێستا زیاتر لە ٦٠٠ تۆن یارمەتیی خۆراک و پزیشکی و مرۆڤییان بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزە گواستووەتەوە.

«ئەلئەنساری» ڕوونیشی کردەوە کە لە کۆی گشتیی ١٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی گەڕۆک تا ئێستا ٦٥٠یەکەی نیشتەجێبوونی گەڕۆک ڕەوانەی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە کراون و بەنیازین بیانگوازینەوە و بیانگەیەنینە بەندەرەکانی تورکیا.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر جەختی لەوەش کردەوە کە بوونی کێشەی پشتیوانی بۆ دەستڕاگەییشتن بە هەندێک ناوچەی بوومەلەرزەلێدراو لە باکووری سوریا ڕێگری لە گەیاندنی هاوکارییەکان دەکات، بەڵام قەتەر تا ئەو جێگایەی کە دەکرێت هەوڵ دەدات بۆ دابینکردنی یارمەتی و کەمکردنەوەی ئازارەکانی لێقەوماوان.