نیسان 13, 2023 16:09 Asia/Tehran
  • قەیرانی سوریا؛ وەک تەوەرەی گفتوگۆی نێوان عەرەبستان و نەتەوە یەکگرتووەکان

«فەیسەڵ بن فەرحان بن عەبدوڵڵا» وەزیری دەرەوەی عەرەبستان ڕۆژی چوارشەممە لەگەڵ «گییەر پیدەرسۆن» نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا لەمەڕ چارەسەریی سیاسیی قەیرانی ئەم وڵاتە وتووێژی کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ لەم وتووێژەدا بەرپرسانی عەرەبستان و نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی چارەسەریی سیاسیی قەیرانی سوریاو هەوڵەکانی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لەو بارەیەوە بیروڕایان گۆڕیەوە.

وەزیری دەرەوەی عەرەبستان جەختی لە ئامادەیی ڕیاز کردەوە بۆ هەوڵدان لە ئاراستەی گەییشتن بە چارەسەرێکی سیاسی کە یەکگرتن و ئاسایش و سەقامگیری و شوناسی عەرەبیی سوریا بپارێزێت و خۆشگوزەرانیی خەڵکی ئەم وڵاتە دابین بکات.

ئەم گفتوگۆیە لە کاتێکدایە کە «فەیسەڵ میقداد» وەزیری دەرەوەی سوریا ڕۆژی چوارشەممە گەییشتە شاری جددەو لەگەڵ «وەلید بن عەبدولکەریم ئەلخەریجی» جێگری وەزیری دەرەوەی عەرەبستان کۆبووەوە و قسەی کرد.

تەوەرەی ڕاوێژەکانی میقداد؛ گفتوگۆ سەبارەت بە هەوڵی گەییشتن بە چارەسەریی سیاسیی قەیرانی سوریاو ئاسانکاری لەمەڕ گەڕانەوەی ئاوارەکانی سوریا بۆ نیشتیمانی خۆیان و هەروەها گەرەنتیکردنی ناردنی هاوکاریی مرۆیی بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکانی سوریا ڕاگەیەندراوە.

سەرپەیڤ