May 16, 2023 19:51 Asia/Tehran
  • کۆمکاری عەرەب: ئامادەبوونی سوریا لە کۆبوونەوەی جەدە، سەرەتای قۆناغێکی نوێیە

جێگری سکرتێری گشتیی کۆمکاری عەرەبی ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی بەرایی ئەنجومەنی ئابوری و کۆمەڵایەتیی شاری جددە، پرسە کۆمەڵایەتییە گرنگەکان بۆ هاوکاری وڵاتانی عەرەبی تاوتوێ کراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی فەرمی سوریا (سانا)،"حسام زەکی" ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەی بەرایی کۆمکاری عەرەب، بابەتگەلێکی گرنگ بۆ هاووڵاتیانی عەرەب و بابەتەکانی پەیوەست بە بارودۆخی ژیانیان تاوتوێ کران.

زەکی ئاماژەی بەوەدا، تا ئێستا نەگەیشتووینەتە هاوکاری ئابووری لە بەرزترین ئاستدا، بەڵام هەنگاوی باش نراوە و هەندێک پێشکەوتنیشمان لەو ئاڕاستەیەدا بەدەستهێناوە.

جێگری سکرتێری گشتیی کۆمکاری عەرەب ڕاشیگەیاند، هاوکاریی ئابووری دەبێتە هۆی گەشەکردنی کۆمەڵگە عەرەبییەکان و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان، دواجاریش سوودی بۆ هاووڵاتیان دەبێت، بۆیە دەبێت هەموو هێزی خۆمان بەو ئاراستەیە بەکاربهێنین.

زەکی سەبارەت بە بەشداریی سوریا لە کۆبوونەوە بەراییەکانی ئێستاش دا وتی، لە وتارەکەی ئەمڕۆی ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبدا، خۆشحاڵی خۆمان دەربڕی بەرامبەر بە بەشداریکردنی سوریا لەم کۆبوونەوەیە و پێشهاتە ئەرێنییە بەردەوامەکانی ناوچەکە. ئەم ڕووداوە سەرەتای قۆناغێکی نوێی دۆخی جیهانی عەرەبە و سوودەکانی دەگاتە هەموو کۆمەڵگاکان.

سەرپەیڤ