هێزە چەکدارەکانی یەمەن: پەلامارەکانی ئەمریکا و ئینگلیز بێ وەڵام نابن
وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن لە کاردانەوە بە پەلاماری ئاسمانی و مووشەکیی سەرلەبەیانیی یەکشەممەی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر خاکی ئەم وڵاتە وتی کە پەلامارەکانی دەسدرێژکاران بێ وەڵام نامێنێتەوە.
یەحیا سەریع وتی: دەسدرێژکارانی ئەمریکایی و ئینگلیزی ٤٨ جار ناوچەکانی شاری سەنعا و پارێزگاکانی سەنعا، حودەیدە، سەعدە، بەیزا، تەعز و لەحەجیان کوتاوە، ئەم پەلامارانەیان پێش بەوە ناگرێ کە هێز و گەلی یەمەنی دەسهەڵگرن لە پشتیوانی کردنی فەلەستینییەکان بەرامبەر بە جەنایەتەکانی ڕژێمی زایۆنی و ئەوەش بزانن کە پەلامارەکانی دەسدرێژکاران بێ وەڵام نامێنێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ژێدەرە یەمەنییەکان، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئینگلیز لە خولی تازەی دەسدرێژییەکانیان ئامانجگەلێکی زۆریان لە باشور و ڕۆژهەڵاتی شاری سەنعا و هەروەها لە ناوچەکانی عەتان و نەهدین هەڵکەوتوو لە باشوور و هەرەها ناوچەی ئەلحەفا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سەنعا پێکاوە. ئەمریکا و ئینگلیز سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند: هێزەکانی ئێمە پەلاماری ٣٦ بنکەی ئەنسارووڵڵایان داوە لە سێزدە ناوچەی یەمەندا.