گرتنی حەریدییەکان لە فەلەستینی داگیرکراو بە تاوانی خۆدزینەوە لە سەربازی
دەیان جوولەکەی حەریدی، کە بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکان گەڕابوونەوە بۆ فەلەستینی داگیرکراو، خێرا پاش دابەزین لە فڕۆکە، لە فڕۆکەخانەکەدا قۆڵبەست کران.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی مەعاریۆ، لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکانی ڕژێمی زایۆنیدا، دەیان حەریدی کە پێشتر بۆ خۆدزینەوە لە خزمەتی سەربازی لە فەلەستینی داگیرکراو چووبوونە دەرەوە، لە فڕۆکەخانەی بن گوریۆن دەستگیر کران. حەریدییەکان لقێکی جوولەکەی زۆر توندڕەون کە بە نەریتیترین و بناژۆترین شوێنکەوتووانی ئایینی یەهود ئەژمار دەکرێن. بنەماڵە حەریدییەکان خاوەنی لانیکەم ٦ بۆ ٩منداڵن، ئەم مەسەلەیە بۆتە هۆی ئەوەی کە حەشیمەتیان بە خێراییەکی باڵاوە گەشە بکات. ئەمانە نزیکەی ١٤%ی حەشیمەتی فەلەستینی داگیرکراو پێک دێنن و زۆربەشیان لە گەڕەک و شارۆچکە تەواو حەریدییەکاندا ژیان دەبەنە سەر. لەو کاتەوە ڕژیمی زایۆنی دامەزراوە حەریدییەکان لە خزمەتی ئیجباریی سەربازی بەخشراو بوون. ئەم مەسەلەیە بۆتە هۆی تووڕەیی چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگەی جوولەکە لە فەلەستینی داگیرکراو، کە باری سەرەکی شەڕیان لە ئەستۆدایە. بە هەڵوەشانەوەی ئەم لێخۆشبوونە لە لایەن دادگای باڵا و دەرکرانی بڕیارگەلێکی تازە لە ساڵی ٢٠٢٠ تا ساڵی ٢٠٢٦، کۆمەڵگەی فەلەستینی داگیرکراو بەرەوڕووی قەیرانی سیاسی، ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی سەر شەقامی حەریدییەکان بۆتەوە.