ڕاپەڕینی عاشوورای حسێنی
ڕاپەڕینی عاشوورای حسێنی، ڕاپەڕینێکی هەرمان و هەتاهەتایی بوو
ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ی خەرمانان بەرامبەرە لەگەڵ دەیەمین ڕۆژی مانگی موحەڕەمی ساڵی 1440ی کۆچی مانگی و ڕێککەوتە لەگەڵ 20ی سێپتەمبەری 2018 کە لەڕاستیدا ڕۆژی عاشوورای حسێنییە.
ئەم ڕۆژە لای موسڵمانان و بەتایبەت شێعەکان، بەهۆی ڕووداوەکانی عاشوورای ساڵی 61ی کۆچی مانگی، پیرۆزایەتی و بایەخێکی زۆری هەیە.
لەم ڕۆژەدا ئیمام حسێن (ع) لە تەمەنی پەنجاو حەوت ساڵان و هاوڕێیانی لە کارەساتەکەی کەربەلادا بە هۆی خەباتیان لە دژی سوپای یەزیـد، شەهید کران و موسڵمانانی جیهان بەو هۆیەوە لەو ڕۆژەدا شینگێڕی دەکەن و ئازیەتبارن.
حەزرەتی ئیمام حسێن (ع) سەبارەت بە کارەساتەکەی کەربەلا و لە ڕێگای مەککە بۆ کەربەلا، هەتا پێش شەهید بوونی، ڕاشکاوانە ئاماژەی بەم بابەتە کرد کە : " ئامانجی من لە هاتن، ڕیسوا کردن و لەخشتە بردنی حکوومەتە دژە ئیسلامیەکەی یەزیـدە و هەروەتر بەڕێوە بردنی ئەمر بە چاکە و نەهی لە مونکەر و خراپە و ڕاوەستان لە بەرامبەر زوڵم و ستەمە و جگە لە پشتیوانی لە قورئانی پیرۆز و زیندوو ڕاگرتنی ئایینی ئیسلامی ڕاستەقینەی محەمەدی، ئامانجێکی دیکەم نییە ".
ئەمە بەرپرسایەتییەک بوو کە خودای گەورە وە ئەستۆی ئیمام حسێنی نابوو و بۆ بەڕێوە بردنی ئەم بەرپرسایەتییە، لە نیوەڕۆی عاشوورا لەگەڵ 72 کەس لە هەڤاڵانی ئەمەگداری پاش ئەوەی نوێژی نیوەڕۆیان کرد، بە دەستی یەزید و یەزیدیەکان، شەهید کران.
خەڵکی ئازیەتبار، لە نێوخۆ و دەرەوەی عێراق، پێنجشەممە لە شاری کەربەلا و لە گڵکۆی ئیمام حسێن (ع) و حەزرەتی ئەبولفەزل (ع)، ڕێوڕەسمی تازیەباری و شینگێڕی بەڕێوە دەبەن.
جەماوەری ئێرانی ئیسلامی لە ڕۆژانی مانگی موحەڕڕەم بەتایبەت لە شەو و ڕۆژی تاسووعا و عاشوورای حسێنی بە ئامادەبوون لە حسێنییەکان و مزگەوتەکان شینگێڕی دەکەن.
کەناڵی ئاسمانی سەحەری کوردیش گەیشتنی ساڵەهاتی شەهید بوونی حەزرەتی ئیمام حسێن (ع) و هاوڕێیە ئەمەگدارەکانی سەرەخۆشی دەکات لە هەموو موسڵمانان و بەتایبەت شێعەکانی جیهان و ئازادیخوازان.