May 08, 2019 19:33 Asia/Tehran
  • داب و نەریتی موسڵمانانی وڵاتانی عێراق و تورکیا لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا

مانگی پیرۆزی ڕەمەزان له وڵاتانی دیکه

موسڵمانانی سەرانسەری دونیا لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا، داب و نەریت و بیر و باوەڕی وەکوو یەکیان هەیە، بێجگە ئەونەریتانە، هەندێکیان بە شێوازی تایبەت بە خۆیان، ڕێز لە هاتنی مانگی ڕەمەزان دەگرن.

ڕۆژوو گرتن یەکێکە لە دابە ئایینییە هاوبەشەکانی موسڵمانانی سەرانسەری دونیا. بەڕۆژوو بوون، داب و نەریت و هەڵسوکەوتی تایبەت بە خۆی هەیە کە ئەتوانین بڵێین لە هەموو شوێنێکی دونیا لای موسڵـانان بە یەک شێوەیە، بۆ نموونە نانی پارشێو خواردن پێش بانگی بەیانان و بەربانگ کردنەوە پێش بانگی شێوان لە ڕیزی ئەحکامی ڕۆژوو دێنە ئەژمار.

لەم مانگە پیرۆزەدا، موسڵمانانی سەرانسەری دونیا زیاتر لە چاو مانگەکانی دیکە ڕوو دەکەنە جێبەجێ کردنی کاری چاکە و خێر و زۆربەی کاتەکەیان بە عیبادەت و دۆعا و نزا و پاڕانەوە و هەروەتر بوون لەگەڵ بنەماڵەیان تەرخان دەدەن. جگە لەو دابە باوانە، هەر کۆمەڵگەیێکی موسڵمان بەش بە حاڵی خۆی دابو نەریتێکی جیاوازیشی بۆ ڕێز گرتنی هەرچی زیاتر لە هاتنی مانگی ڕەمەزان هەیە.

دابو نەریتی هەرە جوانی ڕێز گرتن لە مانگی ڕەمەزان لە وڵاتی عێراقدا بەم شێوەیە کە لە شەوی یەکەمی مانگی ڕەمەزانەوە هەتا دوایین شەوەکەی، نزیک پارشێوان، کەسانێک لە نێو کووچە و کۆڵانەکاندا دێن و دەڕۆن و و وێڕای تەپڵ لێدان، موسڵمانان بۆ هەستانی پارشێو بەخەبەردێنن. لە کاتی بەربانگیشدا، بنەماڵە عێراقییەکان کەشەفەیێکی تەژی لە خواردن دەگرنە دەستەوە و لەگەڵ خۆیان دەیبەن بۆ مزگەوتەکان هەتا بەو چەشنە خواردنەکەیان لەگەڵ ڕۆژوووانان و کەسانی هەژار و دەسکورت دابەش بکەن. باقلەوا، زولبیا، خورما و شۆرباو لەو خواردنانەن وا عێراقییەکان لەم مانگەدا زۆر حەزیان لێیە و زۆریش دەکاریان دێنن.

لە ئاکاری تایبەت بە شەوانی قەدریشدا، پێداگری زۆر دەکەن لەسەر زیارەتی گڵکۆی پیرۆزی حەزرەتی ئیمام حسێن (ع)، بۆیە جەماوەرێکی زۆر لەو شەوانە ڕوو لە کەربەلا دەکەن بە چەشنێ کە لە کەربەلادا هیچ جێگایێکی بەتاڵ دەس ناکەوێت. زیارەتی نەجەفی ئەشرەفیش هەستێکی تایبەتی هەیە، چوونکە ڕۆژان و شەوانی شەهید بوونی حەزرەتی عەلی (ع)یش هەر لەو شەوانەدا هەڵکەوتووە.

دەس پێ بوونی مانگی ڕەمەزان لە تورکیاش ئاشکرایە و تەنانەت ئەوانەی وا موسڵمانیش نین زۆر چاک لەو بابەتە تێدەگەن. موسڵمانانی تورکیا لەسەر ئەو باوەڕەن کە مانگی ڕەمەزان خێر و بەرەکەتی خوانەکانیان زیاتر دەکات . ئەوان لەسەروبەندی گەیشتنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا، هەموو شەقام و جاددە و کۆڵانەکان و هەروەها مزگەوتەکانیش بە چرا و لایتی ڕەنگاڵە دەڕازێننەوە.

خوانی بەربانگیشیان بریتیە لە زەیتوون، پەنیر، خورما، باقلەوا و هەموو جۆرە شۆربا و شلەیێک کە ئەوان خۆیان "چۆربا"ی پێدەڵێن. لە پارشێوانیشدا وێڕای موناجات لە مزگەوتەکان، بە پێی دابێکی کۆن، کەسێک بەناوی سەحەر خوان دێتە سەر شەقام و جاددەکان و بۆ بەخەبەر کردنەوەی موسڵمانان بە مەبەستی خواردنی نانی پارشێو، بانگ هەڵدێنێ و لە پاش بەجێهێنانی نوێژی بەیانی، موسڵمانانی ئەو دەڤەەرە دەس دەکەنە خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز.

 

سەرپەیڤ