بە بۆنەی گەییشتنی تاسوعای حسەینی(ع)، ئێرانی ئیسلامی نوقمی ماتەم و شینگێڕانە
سەرتاسەری ئێرانی ئیسلامی لە ڕۆژی تاسوعای حسەینی (ع)دا ڕەش پۆشەو نوقمی پەژارەو ماتەم و شینگێڕانە.
ئەمڕۆدوشەممە ڕێککەوت لەگەڵ نۆھەمین ڕۆژی مانگی موحەڕڕەمولحەرامی ساڵی ١٤٤١ی کۆچیی مانگی و نۆھەمی سپتامبەری ساڵی ٢٠١٩ی زایینی، تاسوعای حسەینی(ع)ە.
تازیەدارانی حسەینی لە سەرتاسەری ئێرانی ئیسلامی لە ڕۆژانی تاسوعاو عاشورای حسەینی بە بەرپاکردنی ڕێ و ڕەسمی تازیەداری، ساڵگەڕی شەھید بوونی حەزرەتی ئیمامی حسەین(ع)، ئیمامی سێھەمی شێعەکانی جیھان و یارانی ئەمەگداری ئەو حەزرەتە لەوانە حەزرەتی ئەبولفەزڵی عەبباس(ع) برای ئەو ئیمامە پاکە ڕێز لێ دەگرن.
ئیمامی سەججاد(ع)، ئیمامی چوارەمی شێعەکانی جیھان لە وەسفی پلەوپایەی حەزرەتی ئەبولفەزڵی عەبباس(ع) فەرموویەتی: عەبباسی مامم لە ڕاستی دا گیانیازی و لەخۆبردوویی نواندو گیانی لە پێناوی براکەی دا بەخت کرد ھەتا ئەو جێگایەی کە ھەردووک دەستیشی پەڕی.
بە تێپەڕینی ئەو ھەموو سەدەیە بەسەر ڕووداوی دڵتەزێنی کەربەلاو شەھید بوونی ئیمامی حسەین(ع) و یارانی ئەمەگداری، نەک ھەر لە گرینگایەتیی ئەم ڕووداوە کەم نەبووەتەوە، بەڵکو ھەرچییەکیش زیاتر تێ دەپەڕێت، پەیامی عاشورا بەربڵاوترو ڕێ و ڕەسمەکانی شینگێڕانیش شکۆدارتر دەبن و بە تێگەییشتنێکی قوڵترەوە بەڕێوە دەچن.
جەماوەری بڕواداری ئێرانی ئیسلامی و ھۆگرانی ماڵباتی عیسمەت و تەھارەت(ع) لە ڕۆژانی مانگی موحەڕڕەم و بەتایبەت لە شەوو ڕۆژی تاسوعاو عاشورای حسەینی بە ئامادە بوون لە حسەینییەکان، مزگەوتەکان، گڵکۆی پیرۆزی ئیمامی ڕەزا(ع) ئیمامی ھەشتەمی شێعەکانی جیھان لە مەشھەدی باکووری ڕۆژھەڵاتی ئێران و گڵکۆی حەزرەتی مەعسومە(س) لە شاری قوم خەریکی تازیەداری و شینگێڕان دەبن.
ئیمامی سێھەمی شێعەکانی جیھان و یارانی ئەمەگداری ئەو حەزرەتە لە دەھەمی موحەڕڕەمی ساڵی ٦١ی کۆچیی مانگی لە کەربەلادا شەھید کران.
کەناڵی ئاسمانیی سەحەری کوردی بە بۆنەی ئەم ڕۆژانەوە سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی ھەموو خوشک و برایانی موسڵمان و بڕوادار دەکات.