ئادار 31, 2022 02:15 Asia/Tehran
  • چوارەمین فستیڤاڵی ھەڵپەڕکێی بانە دەستی پێ کرد

ئەم فستیڤاڵە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەڕێوە دەچێ کە سێ ڕۆژی بەردەوام ھەڵپەڕکێی تیادا دەکرێ.

ھەڵپەڕکێ یان ھەمان جوڵەی ئایینی و جەنگاوەرانەی ڕێکمەندی کوردی بەو جوانییە تایبەتییەی خۆی بەشێکە لە ھەمان میراتی کلتووریی ئەم خەڵکەو ئاوێنەیەکی باڵاڕوونی ژیانی ڕابردوویان دێتە ئەژمار کە لە ئێستاش دا ھەر باوەو بەروارەکەی بۆ ھەزارەکانی دووھەم و سێھەمی بەرلە زایین دەگەڕێتەوە.

چوارەمین فستیڤاڵی ھەڵپەڕکێی بانە 

«فەردین یارئەحمەدی» ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە لە پەراوێزی نەریتی دەستپێ بوونی چوارەمین فستیڤاڵی ھەڵپەڕکێی بانە وتی: ئەم فستیڤاڵە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەڕێوە دەچێ کە سێ ڕۆژی بەردەوام ھەڵپەڕکێی تیادا دەکرێ.

وتیشی: بۆ ھیەڵبژاردنی ئاسەوارە ھەڵکەوتەکانی ئەم فستیڤاڵە فەکتەرگەلێکی وەک چۆپی کێش، جل و بەرگ، موسیقا، پێشکەش کردن و تاقمگەلی تایبەتیی جەماوەری لە بەرچاو گیراوە.

یارئەحمەدی وتیشی: ئاسەوارەکانی ئەم کۆڕەجێژنە لە پێنج پارێزگای ئیلام، کوردستان، ورمێ، ئازەربایجانی ڕۆژھەڵات و کرماشانەوە ڕەوانە کراون کە دوانزەیان گەییشتوونەتە دواقۆناغ.

وتیشی: گروپە ھەڵبژاردەکانی چوارەمین فستیڤاڵی ھەڵپەڕکێی بانە بریتین لە گروپەکانی ئیلامییەکان لە ئیلامەوە، کوردانی کرماشان لە کرماشانەوە، سابڵاع و ھۆزان لە مەھابادەوە، چیاو زریان لە سەقزەوە، چالاک بەڕۆژە لە بانە، گۆڤەند، دیلان و ڕۆژ و مەنگوڕ لە ورمێ و سێ جار دانیکەش لە مریوانەوە.

وتیشی: ساڵی داھاتوو گەورەترین فستیڤاڵی ھەڵپەڕکێ لە بانە لە سەر دەستی تاقمەکانی ھەڵپەڕکێی سەرتاسەری وڵات بەرپا دەکرێت کە لە کتێبی گینێسیش دا تۆمار دەکرێت.

یەکەم فستیڤاڵی ھەڵپەڕکێی بانە ساڵی ١٣٩٠ی کۆچیی ھیەتاوی بە شێوەی پارێزگایی بەرپا کرا.

سەرپەیڤ