ئاب 30, 2022 17:55 Asia/Tehran
  •  عێراق شەونخونییەکی دیکە تاقی دەکاتەوە

شەڕو بشێوی لە بەغداوە بەرەو شارەکانی دیکەی عێراق تەشەنە دەستێنێ و دەوڵەتی «مستەفا کازمی»ش لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بەم دۆخەی ئێستای وڵات ڕۆژی سێ شەممەی کرد بە پشوو.

لە ئێستادا داڵۆزی و پێکدادان لە بەغدای پێتەختەوە  بەرەو شارەکانی دیکەی عێراق تەشەنەی سەندووەو بۆ سوک کردنەوەی ئەو ئاڵۆزییانەو ڕەخساندنی ھەلی کۆنترۆڵ کردنی بشێوییەکان دەوڵەتی «مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی سێ شەممە پشووی فەرمی ڕاگەیاندووەو فەرمانگە دەوڵەتییەکان دەوام ناکەن.

«مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیرانی عێراق

لە ھەل و مەرجێکدا کە ھێزەکانی ئاسایشت و پۆلیس ھەوڵی ھێور کردنەوەی دۆخەکە دەدەن، کەمێک پێش ئێستا چەند رۆکێتێک لە ناوچەی سەوزی بەغداو لە نزیک باڵوێزخانەى ئەمریکا داکەوتن.

هاوکات لە شاری بەسرەش شەڕ دەستی پێ کردووەو لەئێستادا لە چەند گەڕەکێکى ئەو شارە شەڕ لەنێوان تاقمی ناسراو بە «سەریا سەلام» و چەند گروپێکى دیکە بەردەوامە.

ھەواڵەکان دەربڕی ئەوەن کە لە درێژەی ئاڵۆزییەکاندا بارەگای حزبی دەعوەی عێراق لە شاری حلەش لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە سوتێدنراوە.ھەمان سەرچاوە باس لە پەلاماردرانی بارەگاکانی  کۆتلە سیاسییەکانی دیکەی عێراق لەوانە «عەسائیبی ئەھلی حەق»و «ڕێکخراوەی بەدر» دەکەن.

لە ئێستادا زۆرێک لە وڵاتان خەریکی گەڕاندنەوەی شارومەندەکانیانن لە عێراق و نووسینگەکانی نوێنەرایەتیی خۆیانیان لە ئامادە باشی دا ڕاگرتووە. لەوانە باڵوێزخانەی ھۆڵندا لە ناوچەی سەوزی بەغدا چۆڵ کراوەو کارمەندەکانی گوێزراونەتەوە بۆ باڵوێزخانەی ئاڵمانیا.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش لە ئاگاداری نامەیەک دا شارومەندانی خۆی لە عێراق دا وریا کردووەتەوە و ڕایسپاردوون ھەتا ھێور بوونەوەی تۆکمەوتەواوی ڕەوشتەکە ڕوو لە شەقام و بازاڕ نەکەن.

ئێرانیش لە ئێستادا سنوورەکانی داخستووەو تەنانەت لە ھەوڵی گەڕاندنەوەی ئەو ئێرانیانەشە کە پێش سەرھەڵدانی بشێوی ڕوویان لە پیرۆزگەکانی عێراق کردووە.

سنوورەکانی ئێران و عێراق

ھەواڵەکان دەربڕی ڕوودانی تەقینەوەو تەقەتفەنگن لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی عێراق و بە تایبەت لە بەغدای پێتەخت داو لە دوایین ھەواڵ دا باس لە ھێرشی تیرۆریستی بۆ سەر «ئەبو عیزرائیل» کەسایەتیی ناوداری خۆڕاگری و لە فەرماندەرانی حەشدی شەعبیی عێراق دەکریت لە بەر دەم ماڵەکەی دا.

کاربەدەستانی باڵای عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە بەردەوام بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەو پەیام و ئاگادار کردنەوە لە ھەوڵی ھێور کردنەوەی دۆخی شڵەژاوی عێراقن، بەڵام ھیچکام کاریگەریی ئەوتۆیان نەبووەو بە گشتی لە ئێستادا عێراق بە قەیرانێکی دیکەدا تێدەپەڕێ و ئەمشەو کە دەکاتە شەوی دووشەممە لە سەر سێ شەممە عێراق شەونخونییەکی دیکە تاقی دەکاتەوە.

سەرپەیڤ