نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ داود ئۆغلو و ئهردۆغان کۆبووهوه
سهرۆکی حکومهتی ههرێمی کوردستانی ئێراق و شاندێکی یاوهری به سهردانێک گهیشته وڵاتی تورکیا و بهجیا لهگهڵ ههریهک له سهرۆک کۆمار و سهرۆک وهزیرانی ئهو وڵاته کۆبوونهوه.
ماڵپهری فهرمیی حکوومهتی ههرێمی کوردستانی عێراق بڵاویکردووهتهوه که سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە(10 - 4 - 2016 ) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومهتی هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری، بە سەردانێکی یەک ڕۆژە گەیشتە شاری ئهستەمبوڵی تورکیا و لەوێش بە جیا لەگەڵ هەریەکە لە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرکۆمار و ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆک وەزیرانی تورکیا کۆبووەوە.
لە دیدارەکاندا باس لە دوا پێشهاتەکانی بارودۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بەگشتی لەڕووی ئەمنی و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش و ئامادەکارییەکانی پرۆسەی ئازادکرنەوەی مووسڵ لە دەستی تیرۆر کرا. هەروەک پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی و تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە داراییەی ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە و پێکهاتەی نوێی حکومەتی عێراقی فیدرال، خرانە بەر باس و گفتوگۆ.
ههریهک له سەرکۆمار و سەرۆک وەزیرانی تورکیا جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە لایەنە عێراقییەکان هەوڵ بدەن گرفتەکانی نێوان خۆیان بە دیالۆگ و لێک گەیشتن چارەسەر بکەن. سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی ئازادکرنەوەی موسڵیش بە پێویستیان زانی کە لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، سوپای عێراق و پێشمەرگەو خەڵکی شارهکە بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بکەن.
ئاماژەیان بەوەش دا کە پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیادا هەیە و دەکرێت پتەوتر بکرێن و ئێستا ئەوان لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن چۆن بتوانن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی، هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکەن.
لای خۆیەوە سەرۆکی حکومهتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا گرنگیی خۆیان هەیە و هەرێمی کوردستان لە هەوڵی بەردەوامدایە باشترین پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا هەبێت.
هەروەک پوختەیەکیشی دەربارەی سەردانەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و دیداریان لەگەڵ جان کهری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق و د. فوئاد مەعسووم سەرکۆماری عێراق و بەرپرسانی دیکەی عێراقی خستە ڕوو و هیوای خواست هەموو لایەنەکانی عێراق هەوڵەکانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی و شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و بنبڕکردنیان، یەک بخەن و لە داهاتووشدا ئەو گفتوگۆ و ڕاوێژانە لەنێوان هەردوولادا بەردەوام دەبێت.
تاووتوێکردنی چەند بابەتێکی پەیوەندیدار و جێگەی گرنگی بۆ هەردوولا، لایەنێکی دیکەی دیدارەکان بوون.