ئەمڕۆ یادی کارەساتی ئەنفالە
ئەمڕۆ ١٤ی نیسان لە هەرێمی کوردستان بە رۆژی یادکردنەوەی جینۆساید و ئەنفالی کورد ناونراوە کە بە شێوەیەکی پلان بۆدارێژراو رژێمی بەعس ویستی گەلی کورد لەناو ببات و ریشەکێشی بکات.
لە ١٤ی نیسانی ۱۹۸۸دا چوار شارۆچکە لە یەک کاتدا خاپوور کران ، نزیکەی ٢٠ هەزار ژن ومنداڵ وپیاو بۆ سەربازگەی قۆڕەتوو رەوانە کران ، بۆیە ئەم رۆژە لە هەموو ساڵێک کراوەتە رۆژی یادکردنەوەی تاوانە گەورەکەی ئەنفال لە کوردستان.
پلانەکەی رژێمی بەعس لە دەیەی هەشتای سەدەی رابردوو بە وێرانکردنی گوندەکان و دروستکردنی کۆمەڵێک کۆمەڵگەی زۆرەملی دەستی پێکرد کە دواتر زۆر دڕندانە خەڵکی هەرێمی کوردستانی بۆ بیابانەکانی باشوور و رۆژئاوای عێراق راگواست و زیندە بەگۆڕی کردن.دەگوترێ بەهۆی ئەو سیاسەتەوە نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان ئەنفال کراون جگە لە وێرانکردنی هەزاران گوند.
کۆمەڵکوژی ئەنفال لە ساڵی ١٩٨٦ دەستی پێکرد. یەکێک لەو کەسانەی کە رۆڵێکی سەرەکی بینی و سەرکردایەتی پرۆسەی ئەنفالی کرد عەلی حەسەن مەجید بوو کە دوای هێرشی کیمیایی بۆسەر هەڵەبجە کە بەهۆیەوە پێنج هەزار کەس شەهید بوون، بە عەلی کیمیایی ناسرا.
لە کوردستان کەم ناوچە هەیە بەرەو شاڵاوی ئەنفال نەکەوتبێت. شاڵاوی ئەنفال لە دۆڵی جافایەتی لە۲۳ی شوباتی ساڵی ١٩٨٨ دەستی پێکرد و تاکوو ۱۹ی ئاداری هەمان ساڵی خایاند.
ئەو ناوچانەی بەر شاڵاوەکانی ئەنفال کەوتن بریتی بوون لە ناوچە گشتیەکانی قەرەداغ ، گەرمیان، ھێڵی سنووری ھەردوو پارێزگای ھەولێر و کەرکوک ، دۆڵی
چیاکانی شەقۆاوە و رەواندز و و دەڤەری بادینان .
کورد بەهۆی شاڵاوەکانی ئەنفال قوربانییەکی گەورەی دا بەلام تاوەکوو ئێستە چ لە ئاستی ناوخۆیی و چ لە ئاستی نێودەوڵەتی قەرەبوو نەکراوەتەوە .