یەکێتی ئەوروپا هۆگری هاوکاری درێژخایەن لەگەڵ ئێران
وەزیری نەوتی ئێران ڕایگەیاند یەکێتی ئەوروپا هۆگری هاوکاری درێژخایەن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێرانە و تاران بە هاوپشکێکی گرنگ و جێگای باوەڕ بۆ دابین کردنی وزەی خۆی دەزانێ.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی سەداوسیما بیژەن نامدار زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران ئەمڕۆ شەممە پاش چاوپێکەوتنی بە "کانی یتە" کۆمیسێری وزە و ئاڵوگۆڕەکانی کەشوهەوا لە یەکێتی ئەوروپا و شاندی یاوەری لە تاران وتی: ئێران بەردەوام بۆ هەناردە کردنی نەوت و گاز بۆ کڕیارەکانی ئامادەیە.
وەزیری نەوتی ئێران لە درێژە دا وتیشی: بڕیار درا وتووێژێکی هەمیشەیی و بەردەوام لە نێوان ئێران و یەکێتی ئەوروپا دا هەبێو بە خێرایی هەلومەرج بۆ هەناردەکرانی نەوت و گازی ئێران بۆ ئەوروپا لە بار بکرێ.
بە قسەی وەزیری نەوتی ئێران بڕیارە لەو وتووێژانە دا سەبارەت بە وەبەرهێنان و سەرمایەدانانی کۆمپانییە ئەوروپییەکان لە کەرتی پیشەسازی نەوت و گاز و پێتڕۆکیمیای ئێرانیش قسە بکرێ.
وەزیری نەوتی ئێران وتی پاش بەرجام دەرفەتی تازە بۆ هەناردەکردنی وزەی ئێران بۆ ئەروپا ڕەخساوە و دەبێ بە باشترین شێوە ئەو درەفەتانە بقۆزرێنەوە.