بارزانی بڕیاری دا سەرجەم وەزاڕەتەکان دەرگایان بۆ دیوانی چاودێریی دارایی بکەنەوە
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i225043-بارزانی_بڕیاری_دا_سەرجەم_وەزاڕەتەکان_دەرگایان_بۆ_دیوانی_چاودێریی_دارایی_بکەنەوە
سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئێراق بڕیاری دا، دەرگای سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ڕووی دیوانی چاودێریی داراییدا بکرێتەوە و بڕیاردەری لێژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستانیش بڕیارەکە بە هۆکاری کاراکردنەوەی دیوانی چاودێریی دارایی هەژمار دەکات.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
نیسان 19, 2016 15:25 Asia/Tehran
  • بارزانی بڕیاری دا سەرجەم وەزاڕەتەکان دەرگایان بۆ دیوانی چاودێریی دارایی بکەنەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئێراق بڕیاری دا، دەرگای سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ڕووی دیوانی چاودێریی داراییدا بکرێتەوە و بڕیاردەری لێژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستانیش بڕیارەکە بە هۆکاری کاراکردنەوەی دیوانی چاودێریی دارایی هەژمار دەکات.

مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئێراق ، ڕۆژی یەکشەممە 17\4\2016، بڕیاری ژمارە 4ی دەرکردووە کە تێیدا ئاماژەی بەوە داوە: “سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەکرێن بە ئەنجامدانی ڕێکاری پێویست و ئامادەکاری بۆ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەرک و دەسەڵاتەکانی، بەپێی یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2008”.

لەمبارەیەوە نازم کەبیر، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “پێشتر چەندین جار سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان ئەو بابەتەی ڕاگەیاندووە کە دەبێت دیوانی چاودێریی دارایی کارا بکرێتەوە”.

ئاماژەشی بەوە کرد، لە دوای ئەم نووسراو و بڕیارەی بارزانی، پێگەی دیوانی چاودێریی دارایی بەرزتر دەبێتەوە و دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی دیوانی چاودێریی دارایی بەبێ سانسۆر کارەکانی جێبەجێ بکات.

ئەو بڕیارەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی بەرفراوانی ئەنجامدانی چاکسازییە کە بارزانی دەستی پێ کردووە و لە ماوەی ڕابردووشدا لەو چوارچێوەیە، ژمارەیەک بەڕێوەبەری بانک و کەسانی جۆراوجۆر، لەسەر ئەو دۆسیانە دەستگیر کراون یان ڕووبەڕووی لێپێچوونەوە کراونەتەوە.