بارزانی: رێگە نادەین لە کوردستان هزری توندڕەوی و تیرۆر گەشە بکات
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i225382-بارزانی_رێگە_نادەین_لە_کوردستان_هزری_توندڕەوی_و_تیرۆر_گەشە_بکات
سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عراق، لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی سویسرا و شاندی یاوەری لە سەڵاحەدین کۆ بووەوە.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
نیسان 21, 2016 13:34 Asia/Tehran
  • بارزانی: رێگە نادەین لە کوردستان هزری توندڕەوی و تیرۆر گەشە بکات

سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عراق، لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی سویسرا و شاندی یاوەری لە سەڵاحەدین کۆ بووەوە.

لە دیدارەکەدا هەردوو لا لەبارەی بارودۆخی ئەمنی، سیاسیی ناوچەکە، عێراق و هەرێمی کوردستان و شەڕی داعش و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان گفتوگۆیان کرد.

لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە و عێراق و سووریا و هەروەها شەڕی تیرۆریستانی داعش و سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگە و ئامادەکارییەکان بۆ ئازادکردنی مووسڵ خرایە بەرباس و گفتوگۆ و جێگری وەزیری دەرەوەی سویسڕا باسی لە بایەخی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتەکەی و وڵاتانی دۆست کرد و ستایشی قوربانیدان و ڕۆڵی هێزی پێشمەرگە و گەلی کوردستانی کرد لە شەڕی تیرۆریستان و هەروەها پاراستنی پێکهاتەکان و حەواندنەوەی ئاوارەکان.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە هەڕەشەی تیرۆر و هزری توندڕۆی کرا و سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە فەرهەنگی گەلی کوردستان فەرهەنگی لێبوردەیی و ئاشتی و پێکەوەژیانه و ڕێگە نادات بە هیچ شێوەیەک هزری توندڕۆیی و تیرۆر لەناو کوردستاندا پێ بگرێ و گەشە بکات.

هەر لەم کۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی گوزەرانی ئاوارە و پەنابەران ئاڵوگۆڕ کرا و باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و دەستوور و مەسەلەی شەراکەت و مێژووی عێراق کرا و سەرۆک بارزانی بۆچوون و سیاسەتی هەرێمی کوردستانی لەبارەی مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کوردستان و ئاییندەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بۆ شاندی میوان شی کردەوە.