پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عراق لەبارەی دۆخی خورماتوو
ئەمڕۆ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاشکرای کرد، هەندێک کەس و لایەن کە پێشتر سەرچاوەی فیتنە بوون، دەیانەوێت شەڕ و دووبەرەکی لەنێو خەڵکی ناوچەکە و پێکهاتەکان دروست بکەن.
ناوبراو داواشی لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و فەرماندەکانی پێشمەرگە کرد، لەگەڵ ”ئاقڵمەندانی ناو حەشدی شەعبی“، لەوانەی کە دژی فیتنەن، گفتوگۆ بکەن.
بازرانی ووتی: ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی شارۆچکەی خوورماتوو کە بووە هۆی گرژی و ناسەقامگیری لەم شارۆچەکەیە جێگەی دڵگرانیی ئیمەیە. زۆر ئاشکرایە کە هەندی کەس و لایەن کە پێشتریش سەرچاوەی گرفت و فیتنە بوونە، ئیستا لەژێر ناوی تازە دەستیان لە نانەوەی کێشە و فیتنەگێریدا هەیە و دەیانەوێ شەڕ و دووبەرەکی لەنێو خەڵکی خۆجێی ناوچەکە و پێکهاتەکان دروست بکەن. پێویستە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەرگری لە خەڵکی ناوچەکە بکات و رێگەیش لە هەموو دەستدریژییەک بۆ سەر ماڵ و موڵکی هاووڵاتیان و دانیشتوانی خوورماتوو بگرێت.