داوای سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئێراق لە هێزی پێشمەرگە
سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق داوای کرد هێزی پێشمەرگە بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخی شاری دوزخورماتوو لەگەڵ هێزەکانی حەشدی شەعبی وتووێژ بکات.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژی سێ شەممەی کاناڵی تەلەفیزیۆنی ئەلمەیادین مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق داوای لە هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێم کرد بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی دوزخورماتو لە پارێزگای سەلاحەدین لەگەڵ حەشدی شەعبی وتووێژ بکەن.
مەسعود بارزانی سەبارەت بە هێزی ئاژاوەگێڕیش هۆشداری دا کە دەیانهەوێ ناکۆکی و چەند بەرەکی بخەنە نێوان پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی دوزخورماتوو.
سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق هەروەها داوای لە هێزەکانی پێشمەرگە کرد پەلاماری شارۆمەندان نەدەن و ماڵ و سامانیان بپارێزن.
شەڕ و پێکدادان لە شاری دوزخورماتو کە لە ڕۆژی شەممەوە دەستی پێ کردوە کوژراو وبریندار بوونی چەندین کەسی هەر دوو لای لێکەوتۆتەوە و پێشمەرگە و حەشدی شەعبی بە چەکی قورس بەرەوڕووی یەکتری بوونەتەوە.
دوزخورماتوو کە ناوچەیەکی بە زۆرینەی کوردە بەشێک لە ناوچە کێشە لەسەرەکانی کوردەکان و دەوڵەتی ناوەندی عێراقە.