نەوشیروان مستەفا: پشتگیری لە بڕیاری هەڵپەساردنی کۆبوونەوەکانی نێوان پارتی و گۆڕان دەکەم
نیسان 29, 2016 03:48 Asia/Tehran
ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە لە کوردستان نەبووە، بەڵام سەرجەم ئەو بڕیارانەی لەناو بزووتنەوەی گۆڕاندا دراون، پشگیرییان دەکات، بە تایبەتیش بڕیاری هەڵپەساردنی کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی.
ڕۆژی پێنجشەممە 28\4\2016، لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان، نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕای گەیاند: “بڕیاری بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی دانەنیشتن لەگەڵ پارتی زۆر بەباش دەزانم، بڕیارێکی زۆر باشیان داوە، چونکە ناکرێت پەرلەمان پەکبخەیت و وەزیرەکانی حکوومەت ڕەوانەی ماڵەوە بکەیتەوە، کەچی داوای کۆبوونەوەش بکەیت”. جەختیشی لەوە کردەوە: “من دەرگام کراوەیە، هەر کەسێک دێت، بەخێر بێت، باوەڕیش ناکەم دۆخی سیاسیی کوردستان ئەوەندە چەقبەستوو بێت کە بە دیالۆگ توانای چارەسەرکردنی کێشەکان نەبێت، دەتوانین گرفتەکان چارەسەر بکەین".