فەرماندەیەک نهێنییەکی چەکدارانی داعش ئاشکرا دەکات
فەرماندەیەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان نهێنییەکی چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش ئاشکرا دەکات، کە لەسەر جەستەی کوژراوەکانیان بینراوە.
حەسەنی مام حەسەن، فەرماندەیەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە میحوەری گوێڕ و ناوچەی (ئەبو شیتە) بە(باسنیوز)ی راگەیاند، هەفتەیەک پێش ئێستا داعش هێرشێکی کردە سەر گوێڕ، کە تێیدا چەکی قورس و گازی ژەهراویشی بەکارهێنا، دوای شکاندنی هێرشەکەشیان، تەرمی ژمارەیەکی زۆری چەکدارەکانیان بەجێما.
حەسەنی مام حەسەن هەروەها رایگەیاند، کە سەرەتا ئەوان پێشبینییان دەکرد چەکدارانی داعش تەنیا بەچەکەکانی پێشوویان شەڕدەکەن، بەڵام "دەرکەوت گازی ژەهراویان لەدژی پێشمەرگە بەکارهێناوە"، چونکە چەند پێشمەرگەیەک تەنگەنەفەس بوون و بەشێکیان رەوانەی نەخۆشخانەکران.
هەروەک ئەو فەرماندەیە ئاماژەی پێکرد، تەرمی چەکدارەکانی داعش تاتۆ و نووسینی لەسەر بووە و بە نووسینەکانیشدا دەردەکەوت، کە چەکدارەکان خەڵکی وڵاتانی چیچان، ئەلبانیا، ئەڵمانیا و رووسیا بوون.