سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: بارزانی بابەتی گرنگتری بەدەستەوەیە
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i228403-سەرۆکی_فراکسیۆنی_پارتی_بارزانی_بابەتی_گرنگتری_بەدەستەوەیە
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان عیراق لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، بەشێکی زۆری سەرکردە عێراقییەکان، پەیوەندییان بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کردووە، بۆ ئەوەی دەستپێشخەری بۆ دۆخی عێراق، بەڵام لە لای بارزانی بابەتێکی دیکە ئەولەویەتی هەیە.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
May 08, 2016 05:48 Asia/Tehran
  • سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: بارزانی بابەتی گرنگتری بەدەستەوەیە

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان عیراق لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، بەشێکی زۆری سەرکردە عێراقییەکان، پەیوەندییان بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کردووە، بۆ ئەوەی دەستپێشخەری بۆ دۆخی عێراق، بەڵام لە لای بارزانی بابەتێکی دیکە ئەولەویەتی هەیە.

خەسرۆ گۆران، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان عیراق لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “جاری یەکەم نییە عێراق لەکاتی تەنگانەدا هاوار بۆ کوردستان بهێنێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەکاتی ڕزگارکردنی عێراقدا لە ساڵی 2003، هەروەها لەکاتی نووسینەوەی دەستوور لە 2005 و لە 2006 و 2010شدا کە دووبارە پێکهێنانەوەی حکوومەتی عێراق بوو، ڕۆڵی بەهێزی هەبووە، بۆیە هەر کاتێک عێراق تووشی قەیرانی سیاسی بووبێت، هاواریان بۆ کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان هێناوە”.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لەم ماوەیەی دواییدا، عەممار حەکیم، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق و ئەیاد عەلاوی، سەرۆکی بزووتنەوەی ویفاقی نیشتمانی، لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، پەیوەندیی تەلەفۆنییان بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کردووە. گوتیشی: “ئوسامە نوجێفیش بە بەردەوامی لە پەیوەندیدا بووە، بەبێ جیاوازی، سەرکردەکانی شیعە و سوننە لەسەر هێڵ بوون و خوازیارن لە هەولێرەوە، ڕێگاچارەیەک بۆ عێراق بدۆزرێتەوە”.سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئەوەشی بۆ (باسنیوز) ڕوون کردەوە، بەلای بارزانییەوە، هەندێک بابەتی گرنگتر هەن کە ئەولەویەتیان بۆ کوردستان هەیە، لەنێویاندا یەکخستنەوەی ناوماڵی کوردستان و بابەتی شەڕی دژ بە ڕێکخراوی توندڕەوی داعش، هەروەها قەیرانی دارایی و بابەتی ڕیفراندۆم، وەک ئەو گوتی. دووپاتیشی کردەوە: “ئێستا وەک ساڵی 2010 نییە، ئەو کاتە قەیرانی داراییمان نەبوو، ئەو کاتە بێمتمانەیی هەرێمی کوردستان بە بەغدا بەو شێوەیە نەبوو و لە بەغداوە بودجە بۆ هەولێر دەهات، بۆیە ئێستا ڕەوشی کوردستان بەلای سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە ئەولەویەتی هەیە، نەک عێراق، ئەمەش وای کردووە بارزانی خۆی لە پیشنیار و پڕۆژە بۆ عێراق بە دوور بگرێت”.