بە فەرمانی بارزانی هێزێکی پێشمەرگە لە خەڵک و گەنجانی خورماتوو پێکدەهێنرێت
بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموکراتیی کوردستانی ئێراق لە خورماتوو ئاماژەی بەوە کرد، داواکاریی خەڵکی خورماتوو بە ئاستی باڵا گەیەندراوە و بڕیارە هێزێکی پێشمەرگە لە خەڵک و گەنجانی شارەکە پێکبهێنرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە ، ئەحمەد لەنگەری، بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە خورماتوو، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “کاتێک پیاو ماقووڵ و کەسایەتییەکانی خورماتوو و قایمقامی شارەکە سەردانی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان کرد، لەوێ کۆمەڵێک داواکاری خرایە ڕوو، یەکێک لەوانە، پێکهێنانی هێزێکی پێشمەرگە بوو لە گەنجانی خورماتوو، دووەم، بەهێزکردنی هەردوو ئاسایشی پارتی و یەکێتی لە سنوورەکە”.
ناوبراو گوتیشی: "لەسەر هەردوو خاڵەکە ڕەزامەندی نیشان دراوە، بۆیە هەفتەی ڕابردوو لێژنەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە هاتووە بۆ خورماتوو و لەگەڵ خەڵکی شارەکە دانیشتی بووە، دواتر قسەی خەڵک کراوە بە ڕاپۆرتێک و براوە بۆ سەرەوە".
ئەو بەرپرسەی پارتی لە ناوچەکە بە گرنگی زانی، هێزێکی پێشمەرگە لە گەنجانی خورماتوو بۆ پاراستنی سنوور و ناو شاری خورماتوو پێک بهێندرێت.