سەرکردەیەکی بزوتنەوەی ئیسلامیی کوردستانی ئێراق ، ڕێگەچارەیەک دەخاتە بەردەم پارتی و گۆڕان
ئیحسان شێخ عەلی عەبدولعەزیز ئەندامی سەرکردایەتی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک چەند سەرنجێکی وەک پێشنیار و ڕێگەچارەی دۆخی ئێستەی کوردستان و ناکۆکییەکان دەخاتە بەردەم پارتی و بزوتنەوەی گۆڕان.
ئێحسان شێخ عەلی چوار سەرنجی نووسیوە، لە یەکەمیاندا نووسیویەتی "لە هەموو وڵاتانی دنیای پێشکەوتوو ئەگەر بەرپرسێک لەکارێکی گەورەدا سەرکەوتوو نەبوو، ئەوا بە گیانێکی وەرزشییەوە ئەو حاڵەتە وەردەگرێ و دەست لەکار دەکێشێتەوە. من پێم سەیرە تا ئێستا برای بەرێز د. یوسف دوای ئەوهی هەموو دۆستانی گەلی کورد و دانیشتنی هەموو حیزبە کوردستانیەکان شەوی پێش دانیشتنەکەی پەرلەمان داواکار بوون کە ئەو دانیشتنەی پەرلەمان دوابخرێ بۆ چەند رۆژێک تا حیزبە سیاسیەکان دەگەن بە سازان و رێککەوتن، بەڵام بەداخەوە بەهەر هۆیەک بێت سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنەکەی دوانەخست و دانیشتنەکە شکستی هێنا، بۆیە دوای ئەو بریارە هەڵەیە جێی خۆی بوو راستەوخۆ دەست لەکار کێشانەوەی رابگەیاندایە بۆ ئەوەی پەرلەمان پەک نەخرایە و گرژی و ئاڵۆزی رووی نەدایە".
لە سەرنجی دووەمدا نووسیویەتی "بزووتنەوەی گۆران زۆر جەخت لەوە دەکەنەوە کە هەموو کەسایەتییەکان بە دیل(جێگرەوە)یان هەیە و بێ بەدیل نین، بەڵام دەبوایە لەم هەموو کاتەی کە کوردستان و بەم هەموو قەیرانەی کە پێیدا تێدەپەرێت ئەوەیان نەکردایە بە مەرج و لەجێی سەرۆکی پەرلەمان یەکێکی دیکەیان بخستایەتە شوێنی و ئەو کات تۆپەکەیان خستبایەوە گۆرەپانی پارتی و ئەو دەمە پارتی ناچار دەبوو لەگەڵ هەموو لایەنەکان گفتوگۆ بکات بۆ ئەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی تازەو حکومەت کارا بێت و بەم شێوەیەی ئێستە بۆی یەکلایی نەدەبوویەوە کە روویدا".
هەروەها لە سەرنجی سێیەمدا دەڵێ "پێم سەیرە کە برای بەرێز د. یوسف وەک پسپۆری بواری سیاسی لە کوردستان لەم ماوە زۆرەدا هەموو کەناڵەکانی کۆنەکردەوە و لەبەردەم هەموویان ناحەقیەکانی کە لە بەرامبەریدا کرا باسی بکردایە و لە هەمان کاتدا رایبگەیەنێ لەبەر خاتری میللەت و بزووتنەوەکەی کورسی پێ گرنگ نییە و بۆ ئەوەی کەسایەتی ئەو نەکەن بە هۆکار بۆ ئەو قەیران و چەقبەستوییەی کە کوردستانی پێدا تێدەپەرێ و دەست لەکارکێشانەوەی خۆی رابگەیاندایە، دڵنیام بەو کارەی هەم خۆی و هەم بزووتنەوەکەی لەناو جەماوەردا خۆشەویستر دەبوو".
لە چوارەم سەرنجی ئیحسان شێخ عەلییدا هاتووە کە گرنگە پارتی وا پێشان نەدەن کە ئامادەن لەسەر کورسی سەرۆکایەتی هەموو دەسکەوتەکانی گەلەکەمان لەدەست بدرێت و گرنگ نەبێت بەلایانەوە، بەداخەوە هەندێک لە ئەندامانی پارتی بە لێدوانی نابەرپرسیارێتیان زۆر زەرەر لەخودی کەسایەتی کاک مەسعود و مێژووی دەدەن و لە دوژمن زیاتر زەرەری لێدەدەن لەناو خەڵکدا و بۆیە پێویستە برایانی پارتی زیاتر سووربن لەسەر ئەو بابەتانە و باش بزانن بەتەنها هەرگیز ناتوانن کوردستان بەرەو کەناری ئارامی ببەن و باشترە کە غروری تاکە حیزبی نەیانگرێ و بە زووترین کات لەگەڵ هەموو هێزە سیاسیەکانی کوردستان و بە چاوی رێزەوە دانیشتن ساز بکات بۆ رزگاربوون لەم چەقبەستووە، چونکە بینیومانە لە هەموو قەیرانەکان تەنها ماڵ وێرانی و کاولکاری بۆ چینە هەژار و مام ناوەندەکە بووە لە هەموو ناوچەکان.