هێشتا ۱۸۰۰ کچ و ژنی ئێزدی دیلی دەستی داعشن
دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی باڵای بەدواداچوون و وەڵام دانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد که هێشتا ۱۸۰۰ کچ و ژنی کوردی ئێزدی لە ژێر دەستی داعشدا ماون.
به پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر بە گێڕانەوە له ماڵپهڕی فهڕمی حکوومهتی ههریمی کوردستان، سەرۆکی لێژنەی باڵای بەدواداچوون و وەڵام دانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە شاری ههولێر ئاشکرای کرد که لە کاتی داگیر کردنی شەنگال لە لایەن داعشەوە زیاتر لە ۶ هەزار و ۵۰۰ هاووڵاتی ئێزدی کەوتنه دەستی داعش.
دیندار زێباری ئاشکراشی کرد که بە پێی ئامارەکانی حکوومەتی هەرێم هێشتا ۱۸۰۰ کچ و ژنی ئێزدی لە ژێر دەستی داعشدا ماون.
هاوینی ساڵی ۲۰۱۴ چەکدارانی داعش لە هێرشێکدا قەزای شەنگالی ئێزدی نشینیان داگیر کرد، بهم هۆیهوه بەشێکی زۆری هاووڵاتیانی ئێزدی کەوتنە دەست داعش و ئەو گرووپە تیرۆریستیەش وەک کویلە مامەڵەی لەگەڵ کردن و لە بازارەکانی ژێردەستی خۆیدا مامەڵەی پێوە کردن، جگە لەوەی ژمارەیەکی زۆر لەوانە لە لایەن داعشەوە کۆمەڵ کوژ کرابوون و دواتر لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا دۆزرانەوە.
دیندار زێباری ئاشکراشی کرد کە ژمارەیەک وڵاتی ئەورووپی هاوکارییان بۆ ژنانی قوربانی ئێزدی ناردووە. حکومەتی ئەڵمانیا بە تهنیا بڕی ۹۵ ملیون دۆلار هاوکاری ئەو ژنانەی کردووە.
هاوکات بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی باس نیوز، دوای تێپەڕینی نزیکەی ساڵێک بەسەر ئازاد کردنی شاری شەنگال تاکوو ئێستا تەنیا ۹۵ ماڵی قەزاکە گەڕاونەتەوە جێگەی خۆیان.
بە وتەی قائیمقامی قەزاکە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەگەڕانەوەی خەڵک نەبوونی خزمەتگوزارییە.