بانکی نێودەوڵەتی ڕاپۆرتێک لەبارەی شکستی دۆسیەی ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەخاتە ڕوو
انکی نێودەوڵەتی لە کۆتایی ئەم مانگەدا، ڕاپۆرتێک لەبارەی شکستی دۆسیەی ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ئیراق دەخاتە ڕوو.
بەگوێرەی راپۆری (باسنیوز) ، لە کۆتایی ئەم مانگەدا، بانکی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکدا کە بەرهەمی کارکردنی 10 مانگی تیمێکی ئەو بانکەیە، ڕاپۆرتێک سەبارەت بە ڕەوشی ئابووریی هەرێمی کوردستان پێشکەش دەکات و تێیدا ئاماژە بە هۆکارەکانی قەیرانی دارایی و خراپیی ڕەوشی ئابووریی ئێستای هەرێمی کوردستان دەکات.
سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لەو ڕاپۆرتەدا باس لەوە دەکرێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلانی ئابووریی سەرکەوتووی نەبووە و وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نەیتوانیوە پلانێک بۆ پێشخستنی ئابووریی هەرێمی کوردستان دابنێت. جگە لەوەی ڕەخنەی توند لە وەزارەتی دارایی و ئابووریش گیراوە بەوەی کە بەبێ بەرنامە سەرجەم ئەو پارانەی لە ماوەی ڕابردوودا دەستی کەوتووە، بەسەر خەڵکیدا دابەش کردووە و ”خەڵکیان لەسەر پارەیەکی زۆر ڕاهێناوە“.
هەر لەمبارەیەوە بەرپرسێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بۆ (باسنیوز)ی ئاشکرا کرد کە لە کۆتایی ئەم مانگەدا، بەرپرسێکی باڵای بانکی نێودەوڵەتی دەگاتە هەرێمی کوردستان و لە مەراسیمێکدا ڕاپۆرتەکە دەخرێتە ڕوو.
لە لایەن خۆشیەوە، د. شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی لێژنەی نەوت و گازی سرووشتی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ڕەخنەی لە وەزارەتی پلاندانان گرت بەوەی کە بێ بەرنامە بووە و پارەیەکی زۆری بە هەدەر داوە و بیری لە پاشەکەوتکردن نەکردووەتەوە. گوتیشی: "وەزارەتی دارایی پڕۆژەیەکی بۆ چاکسازی هەبوو، ئەویش جێبەجێ نەکرا، سەرجەم ئەو کەموکوڕییانەش وایانکرد دارایی کوردستان شکست بهێنێت".