پارتی ئامادە نیە کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لەگەڵ گۆڕان و یەکێتی بکات
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i230641-پارتی_ئامادە_نیە_کۆبوونەوەی_سێ_قۆڵی_لەگەڵ_گۆڕان_و_یەکێتی_بکات
پارتی دیموکراتیی کوردستان دەیەوێت بەجیا گفتوگۆ لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بکات، یەکێتیش ئامادەیە بەبێ گۆڕان گفتوگۆ لەگەڵ پارتی دا بکات.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
May 20, 2016 12:07 Asia/Tehran
  • پارتی ئامادە نیە کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لەگەڵ گۆڕان و یەکێتی  بکات

پارتی دیموکراتیی کوردستان دەیەوێت بەجیا گفتوگۆ لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بکات، یەکێتیش ئامادەیە بەبێ گۆڕان گفتوگۆ لەگەڵ پارتی دا بکات.

ماڵپەڕی "باس نیووز" لەمبارەوە نووسی : هێمن هەورامی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “پارتی دیموکراتیی کوردستان بڕیاری ئەوەیە کە بەجیا لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی کۆببێتەوە، نەک لەگەڵ ئەو کۆمیتەی کە باسی دەکەن و پێکەوە گفتوگۆ دەکەن”. گوتیشی: “بزووتنەوەی گۆڕان دەیەوێت لەپاڵ ئەجێندای تایبەتیی خۆی، دەنگ و قورسایی یەکێتی بۆ خۆی بەکار بهێنێت، بۆیە پارتی لەو یارییە تێگەیشتووە".

بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان لەمبارەیەوە گفتوگۆی کردووە، تاوەکوو پێش ئەوەی سەردانی پارتی بکەن، سەردانی سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان بکەن و دواتر ئەگەر پارتی لەسەر ئەو داوایەی خۆی بەردەوام بوو، لارییان نابێت و بەجیا لەگەڵ پارتی کۆدەبنەوە. لەمبارەیەشەوە عەدنانی حەمەی مینا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “یەکێتی لە پێناو بەرقەرارکردنی ئاشتیی سیاسی لە کوردستان، لاری لەکۆبوونەوە لەگەڵ هیچ حزبێکدا نییە”.